رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ساڵنامەی خوێندنی زانکۆ، کۆلێژ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی بۆ ساڵی خوێندنی 2026–2027 دیاری کرد و ژمارەیەک رێنمایی بۆ رێکخستنی ماوەی خوێندن، پشوو و تاقیکردنەوەکان دیاری کرد.
لە نووسراوەکەدا کە بۆ سەرۆکایەتیی زانکۆ و پەیمانگەکان نێردراوە، ئاماژە بە رێنماییە پەیوەندیدارەکان و بڕیارەکانی وەزارەت کراوە و داوا لە دامەزراوەکان کراوە، ساڵنامەی خوێندنی ساڵی 2026–2027 بەپێی ئەو رێنماییانە جێبەجێ بکەن.
بەپێی نووسراوەکە، ساڵی خوێندنی 2026–2027 لە 1ـی ئەیلوولی 2026 دەستپێدەکات و لە 30ـی حوزەیرانی 2027 کۆتایی دێت.
ماوەی خوێندن بۆ سیستمی ساڵانە و وەرزی
وەزارەت روونی کردووەتەوە کە لەو زانکۆ، کۆلێژ و پەیمانگەیانەی سیستمی خوێندنی ساڵانە یان وەرزییان هەیە، بۆ سیستمی ساڵانە دەبێت ماوەی خوێندن کەمتر لە 30 هەفتە نەبێت.
هەروەها بۆ سیستمی خوێندنی وەرزی، ماوەی خوێندنی هەر وەرزێک نابێت لە 15 هەفتە کەمتر بێت؛ ئەم ماوەیەش رۆژانی تاقیکردنەوە و پشووەکان ناگرێتەوە.
وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە دەبێت ماوەی پشوو و تاقیکردنەوەکان لە ماوەی پێویستی پرۆسەی خوێندن جیا بکرێتەوە و ساڵنامەکە بە شێوەیەک دابڕێژرێت کە پرۆسەی خوێندن بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.
بۆ سیستمی خوێندنی وەرزی
لە نووسراوەکەدا هاتووە کە لەو زانکۆ، کۆلێژ و پەیمانگەیانەی سیستمی خوێندنی وەرزی بەڕێوەدەبەن، هەر وەرزێک نابێت لە 20 هەفتە کەمتر بێت، کە لەوانەیە بەشێک لەو ماوەیە بۆ پرۆسەی خوێندن و بەشێکی دیکە بۆ تاقیکردنەوە و تەواوکردنی کارە خوێندنییەکان تەرخان بکرێت.
سیستمی سێ وەرزی
وەزارەت بۆ ئەو زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگەیانەی سیستمی سێ وەرزییان هەیەش رێنمایی دیاری کردووە.
بەپێی نووسراوەکە، دەبێت ماوەی هەر وەرزێک لانیکەم 13 هەفتە بێت، کە لەو ماوەیەدا 10 هەفتە بۆ پرۆسەی خوێندن تەرخان دەکرێت و هەفتەکانی دیکە بۆ تاقیکردنەوە و تەواوکردنی پرۆسەی خوێندن بەکاربهێندرێت.
تاقیکردنەوەی کۆتایی بۆ قۆناخی یەکەم
هەروەها وەزارەت رایگەیاندووە کە بۆ قۆناخی یەکەم، لە ساڵنامەی خوێندنی ساڵی 2026–2027ـدا تەنیا دوو هەفتەی کۆتایی بۆ تاقیکردنەوەکان تەرخان بکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوای لە سەرۆکایەتیی زانکۆ و پەیمانگەکان کردووە پابەندی ئەم رێنماییانە بن و ساڵنامەی خوێندنی دامەزراوەکانیان لەسەر ئەم بنەمایانە رێکبخەن.
دەقی بڕیارەکە



