رووداو دیجیتاڵ
وادەی خۆتۆمارکردن لە پڕۆژەی هەژماری من کۆتایی دێت. بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی دەڵێت: "زیاتر لە 1500 مووچەخۆرمان فۆرمەکەیان پرنەکردووەتەوە و قورسە خۆیان تۆماربکەن".
مەحموود سەرمۆردی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراونی سلێمانی، رۆژی دووشەممە 31ـی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زۆرترین کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان 42 هەزار مووچەخۆرە دەکەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانی. لەو ژمارەیە زیاتر لە 1500 کەسیان فۆرمی هەژماری منیان پرنەکردووەتەوە و مەترسی لەسەر مووچەکانیان دروستبووە".
مەحمود سەرمۆردی گوتی: "بەتایبەت بەدواداچوونمان نەکردووە لەسەر ئەوەی بۆچی تاوەکو ئێستا ئەو کەسانە فۆرمی هەژماری منیان پڕنەکردووەتەوە، بەڵام دەزانین کە بەشێکی زۆری ئەو مووچەخۆرانە کەسوکاری شەهیدن و ئێستا دانیشتووی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و هیچ کەسێکیش ناتوانێت لە رێگەی بریکارنامەوە فۆرمەکەیان بۆ پڕبکاتەوە".
بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد: "بەشێکی دیکە لەو مووچەخۆرانە کەسوکاری شەهیدن و تەمەنیان بەرەو هەڵچوون رۆیشتووە و دانیشتووی گوندە دوورە دەستەکانن و هیچ ئامرازێکی پەیوەندیی بەکارناهێنن تاوەکە ئاگاداری ئەوە بن کەی وادەی پرکردنەوەی (هەژماری من) کۆتایی دێت".
ئەمڕۆ وادەی خۆتۆمارکردن لە پرۆژەی هەژماری من کۆتایی دێت و بەگوێرەی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، هەر کەس لەو وادەیەدا فۆرمی هەژماری منی پڕنەکردبێتەوە مووچەکەی رادەگیرێ.
بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوان گوتیشی: "بەگوێرەی بڕیارەکە، هێما دەخەینە سەر ئەو مووچەخۆرانەی (هەژماری من)یان پڕنەکردووەتەوە و ئەوەندەی بتوانین کارێک دەکەین زەرەرمەند نەبن، بەڵام دواجاریش بڕیارەکە ناوەندییە و ئەگەر پێمان بڵێن مووچەی ئەو کەسانە ببڕن، ناچارین فەرمانەکە جێبەجێ بکەین".



