رووداو دیجیتاڵ
تەقینەوەیەک لە گەوڕێک لە نزیک گوندی کانی ماران لە سنووری هەڵەبجە روویدا. پۆلیس دەڵێ، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئاکام قوتبەدین، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە تەقینەوەکەدا دوو کەس کەوتوونەتە ژێر دار و بنمیچی گەوڕەکەوە و گیانیان لەدەستداوە".
گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد، نازانن بریندار هەیە یان نا. گوتیشی: "تەقینەوەکە بەهۆی گولـلە تۆپەوە بووە، کە دوو کەس دەستکارییان کردووە و پێیاندا تەقیوەتەوە".
ئەو دووکەسەی گیانیان لەدەستداوە هەردووکیان رەگەزی نێرن، یەکێکیان لە دایکبوونی 1990 و ئەوی دیکە لەدایکبووی 1988ـە. گوتەبێژی پۆلیس گوتی: "هەردوو تەرمەکە رەوانەی دادپزیشکی کراون".
هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستیپێکردووە.


