رووداو دیجیتاڵ
کەمێک پێش ئێستا دەنگدان بۆ دیاریکردنی کاتی کارکردنی سەرتاشەکان لە سلێمانی دەستیپێکرد. نوێنەرێکی سەرتاشەکان دەڵێ، پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت و پێویستە سەرجەم سەرتاشەکان دەنگ بدەن.
مانگی رابردوو سەرتاشەکانی سلێمانی لە گردبوونەوەیەکدا داوایان کرد، بەهۆی ئەوەی کاتی کارکردنیان زۆرە و دابڕاون لە خێزانەکانیان کاتی کارکردنیان بۆ دیاری بکرێ و لە کاژێر 08:00ی بەیانییەوە بۆ 08:00ی شەو لەسەر کار بن.
ئاراس کاکل، نوێنەرێکی سەرتاشەکانی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە 5ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم بەیانییە دەنگدان بۆ دیاریکردنی کاتی کارکردنی سەرتاشەکان لە هۆڵی سەندیکای کرێکاران لە سلێمانی دەستیپێکرد. پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت. سەرتاشەکان دەنگی خۆیان دەدەن."
نوێنەرەکەی سەرتاشەکانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، ئامارێکی دروستی سەرتاشەکانی سلێمانی بەردەست نییە، بەڵام هەر کەس ناسنامەی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی یان مۆڵەتی فەرمیی هەبێت، دەتوانێت دەنگ بدات.
دەنگدانی سەرتاشەکان بە چاودێریی قایمقامیەتی سلێمانی، ژووری بازرگانی و سەندیکای کرێکاران بەڕێوە دەچێت و تاوەکو کاژێر 06:00ی ئێوارە بەردەوام دەبێ.



