رووداو دیجیتاڵ
قوڕ و لیتەیەکی زۆر لە بەنداوی ئەستێل لە قەرەداخ کۆبووەتەوە و قایمقامی قەزاکە دەڵێ، دۆخەکە وای لێهاتووە بەنداوەکە توانای گلدانەوەی ئاوی نەماوە.
شیرین مەحموود، قایمقامی قەزای قەرەداخ لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە، 4ـی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی لافاوەکەی پارەوە قوڕ و لیتەیەکی زۆر لە بەنداوی ئەستیل کۆبووەتەوە. ئەگەر تاوەکو کاتی بارانبارین چارەسەر نەکرێ، بەنداوەکە ناتوانێت ئاو گل بداتەوە."
سەبارەت بە دەرهێنانی قوڕ و لیتەی بەنداوەکە، شیرین مەحموود گوتی: "ئاوی بەنداوەکەمان بەرداوەتەوە و چاوەڕوانین قوڕ و لیتەکەی وشک ببێتەوە، ئەو کات لە رێگەی شۆفڵ و حەفارەوە هەوڵ دەدەین بەنداوەکە پاکبکەینەوە".
قایمقامی قەزای قەرەداخ گوتی، ئێستا سێ بەشی بەنداوەکە بە قوڕ و لیتە داپۆشراوە.
بەنداوی ئەستیل لە کاتی ئاساییدا توانای گلدانەوەی نزیکەی یەک ملیۆن مەتر سێ جا ئاوی هەیە.



