رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی نائاساییدا، دانا ئەحمەد مەجیدی وەک رێکخەری گشتیی نوێی بزووتنەوەکە هەڵبژارد.
رۆژی شەممە، 5ـی ئەیلوولی 2026، جوانڕۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامی کۆنفرانسەکە بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند: "لە کۆنفرانسەکەدا بە کۆی دەنگ، دانا ئەحمەد مەجید بە رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا".
بە گوتەی جوانڕۆ محەمەد، بە کۆی گشتی 357 ئەندام بەشداری کۆنگرەکە بوون و دانا ئەحمەد مەجید هەموو دەنگەکانی بەدەستهێنا.
کۆنفرانسە نائاساییەکەی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ لە هۆڵی گشتیی حیزب لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
ئەوەش دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نووسراوێکدا کە لە 18-08-2026 دەرچووە، رەزامەندیی لەسەر کات و شوێنی بەستنی کۆنفرانسەکە دەربڕیبوو.
رۆژی 16-02-2026، لە شاری کەرکووک کۆنفرانسی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوو، تێیدا رێکخەری گشتی و 55 ئەندامی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردران. رێبەند ئەحمەد، سەرپەرشتیاری بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵەبجە دوێنێ بە رووداوی گوت: "کۆنفرانسە نوێیەکە لەسەر داوای ئەو 55 ئەندامە بەڕێوەدەچێت، واتا کۆمیسیۆن کۆنفرانس و دەستوور و سەرکردایەتیی نوێی پەسند کردووە".
بۆچی دووبارە کۆنفرانس دەکەن؟
کۆنفرانسەکەی شوباتی ئەم ساڵی بزووتنەوەی گۆڕان ناڕەزایی لە گردەکەی بزووتنەوەکە لێکەوتەوە و دانیان بە ئەنجامەکەیدا نەنا. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو ئاراستەیەی بزووتنەوەی گۆڕان کە ئێستاش خۆیان بە خاوەنی حیزبەکە دەزانن، تانەی ئەوەیان لە ئەنجامەکە داوە کە دانا ئەحمەد مەجید نەدەبوو بە رێکخەر هەڵبژێردرێت، چونکە ناوی لە دەستەی گشتییدا نەبووە.
بزووتنەوەی گۆڕان بە کۆنفرانسی نوێ دەیانەوێت پاساوەکە لاببەن و دانا ئەحمەد مەجید دوای دانپێدانانی وەکو ئەندامی دەستەی گشتی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، دووبارە بە رێکخەری گشتیی هەڵیبژێرنەوە، بە تایبەت دوای نووسراوەکەی 18ی ئابی کۆمیسیۆن، کە رەزامەندیی داوە دانا ئەحمەد مەجید بە ئەندامی دەستەی گشتی لە کۆنفرانسەکەدا هەڵبژێردرێت.
بەگوێرەی رێنماییەکەی کۆمیسیۆن، ئەگەر لە کۆنفرانسەکەی گەڕەکی کوردساتدا دانا ئەحمەد مەجید بە ئەندامی دەستەی گشتیی هەڵبژێردرێت، ئەوا لە هەمان رۆژدا بە دەنگی زۆرینە بە رێکخەری گشتیی هەڵیدەبژێرن.
پێش کۆنفرانسەکەی شوباتی ئەم ساڵ، کێشەی نێوان دوو ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان هەبوو، بەڵام لە 16ی شوباتدا پێکەوە چوونە هۆڵی کۆنفرانس و لە ئەنجامدا لایەکیان ئەنجامەکانی بە دڵ بوو و لایەکەی دیکە رەتی کردەوە، کە بە ئاراستەی گردی زەرگەتە دەناسرێن.
ئەو ئاراستەیەی کۆنفرانسەکەی شوبات و هەڵبژاردنی دانا ئەحمەد مەجیدیان رەت کردەوە، ئێستاش ئەو نووسراوەی کۆمیسیۆن بە "نایاسایی" دەزانن و رەتی دەکەنەوە.
رۆژی 24-05-2025، بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسێکی هاوبەشی لە شاری سلێمانی کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی هەردوو ئاراستەکەوە بێئەنجام کۆتایی هات و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پەسندی نەکرد.
لە 05-04-2025 ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتیی کرد؛ ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەکەش 26ی نیسانی هەمان ساڵ کۆنفرانسی کرد، بەڵام هیچیان بۆ خاوەنداریکردن لە حیزبەکە نەیانتوانی رەزامەندیی کۆمیسیۆن بەدەست بێنن.



