رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی بنگردی قەزای کەلار، مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ لەنێو حەوزی ئاودا خنکا؛ پۆلیسی گەرمیانیش رایدەگەیێنێت، ئەو مێردمنداڵە پێشتر نەخۆشیی گەشکەی هەبووە و لەنێو ئاوەکەدا تووشی ئەو حاڵەتە بووە.
عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووداوەکە لە گەڕەکی بنگردی قەزای کەلار روویداوە، تێیدا مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ لە کاتی بوونی لەنێو حەوزێکی ئاودا خنکاوە و گیانی لەدەستداوە."
سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو مێردمنداڵە نەخۆشیی گەشکەی لەگەڵدا بووە و لەنێو حەوزەکەدا تووشی ئەو حاڵەتە بووە، بەو هۆیەوە نەیتوانیوە خۆی رزگار بکات و خنکاوە.
ئێستا تەرمی ئەو مێردمنداڵە رەوانەی فەرمانگەی پزیشکیی دادی کەلار کراوە بە مەبەستی ئەنجامدانی توێکاریی پزیشکی و رێکارە یاساییەکان.



