رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنگرەیەکی نائاساییدا (دانا ئەحمەد مەجید)ی وەک رێکخەری گشتیی نوێی بزووتنەوەکە هەڵبژارد. ئەویش رایگەیاند، "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیەی کاک نەوشیروان دایڕشتبوو". هەروەها داوای کۆبوونەوەی هەمەلایەنە لە حیزبە کوردستانییەکان دەکات.
ئەمڕۆ 5ـی ئەیلوولی 2026، لە شاری سلێمانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆنگرە نائاساییەکەی خۆی بەست و (دانا ئەحمەد مەجید) بە رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا.
دانا ئەحمەد مەجید لە گوتارێکدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ تەنیا رۆژی هەڵبژاردنی رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان نییە، بەڵکو ئەنجامی هەوڵەکانی ئێوەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان. رەوەندی کوردی و ئێوە (ئامادەبووان) لە یەکەم رۆژەوە ویستتان کە کێشەکانمان بە رێی یاسایی چارەسەر بکەین، ئێمەش کردمان، بۆیە گەیشتووینەتە ئەمڕۆ".
سەبارەت بە کارنامەی داهاتووی بزووتنەوەکە، دانا ئەحمەد مەجید گوتی: "هەموو ئەو بەرنامانەی کاک نەوشیروان بۆ داهاتووی کوردستان دایڕشتبوون، لای ئێمە بە بەرزی رادەگیرێن. بەڵێن دەدەین ئەوەی جێبەجێ نەکراوە، هەموو هەوڵێکی بۆ بدەین و جێبەجێی بکەین".
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، رێکخەری نوێی گۆڕان ئاماژەی بە دۆخی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا کرد و رایگەیاند: "ئێمە لە ناوچەیەکداین کە پێکدادانی زۆری تێدایە، بۆیە دەبێت بیرمان لەسەر خۆڕێکخستنەوە بێت. داوا لە هەموو حیزبەکان دەکەم هەوڵێکی جدی بدەن بۆ کۆبوونەوەیەکی هەمەلایەنە، تاوەکو بە یەک دەنگ گوشار بکەین بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی دەستوور".
دانا ئەحمەد مەجید گوتی، ماف دەستێندرێت و نادرێت. "ئەگەر خۆمان داکۆکی لە دەستوور نەکەین، ئەوەی بە دڵی بەغدا بێت جێبەجێ دەکرێت و ئەوەی دیکە پشتگوێ دەخرێت. دەبێت پەرلەمانی کوردستان بە باشی چالاک بێتەوە و حکومەتیش دەستپێبکاتەوە بۆ ئەوەی کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا بە پەرلەمان و حکومەت چارەسەر بکەین".
رێکخەری نوێی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، دەیانەوێت پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ هەموو حیزبە کوردستانی و عێراقییەکان هەبێت و گوتی: "تەنیا چارەسەر بۆ کوردستان ئەوەیە کە وەک نیشتمان مامەڵە بکەین و لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بین".
کۆنگرە نائاساییەکەی بزووتنەوەی گۆڕان دوای رەزامەندیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هات، کە تێیدا رێگە بە زیادکردنی ناوی دانا ئەحمەد مەجید درابوو بۆ ئەوەی دوای دەنگدان لە نێو کۆنگرەدا، پۆستی رێکخەری گشتی وەربگرێت.




