رووداو دیجیتاڵ
لە کۆی 435 گوندی سنووری ئیدارەی گەرمیان، تەنیا 51 بنکەی تەندروستی هەن، ئەمەش وایکردووە دانیشتووانی 384 گوند بۆ سەرەتاییترین پێداویستیی پزیشکی، ناچار بن رێگەی دوور ببڕن و روو لە ناوەندی قەزا و ناحییەکان بکەن.
نەخۆشکەوتن لە گوندەکانی گەرمیاندا تەنیا ئازاری جەستەیی نییە، بەڵکو دەستپێکی گەشتێکی دوور و درێژە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. نەبوونی بنکەی تەندروستی لە سەدان
گوند، بارگرانییەکی زۆری بۆ گوندنشینان دروست کردووە.
حسێن دەنگەوەرە، دانیشتووی گوندی دەنگەوەرە لە رۆژئاوای قەزای رزگاری بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گوندەکەی ئێمە و نزیکەی 7 گوندی دەوروبەرمان هیچ
بنکەیەکی تەندروستییان تێدا نییە. بۆ هەر پێویستییەکی پزیشکی یان وەرگرتنی دەرزییەک، دەبێت بچینە کەلار یان ناوەندی قەزای رزگاری."
تەندروستیی گەرمیان هۆکاری ئەم بۆشاییە گەورەیە بۆ کەمیی میلاک و گرفتی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەگەڕێنێتەوە.
ئازاد حەمەفەرەج، گوتەبێژی تەندروستیی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند: "نەبوونی کارمەندی پێویست و نەبوونی کارەبای 24 کاژێری، دوو ئاستەنگی گەورەن کە رێگرن لەوەی بتوانین بنکەی تەندروستی لە هەموو گوندەکان بکەینەوە. تەنانەت لەو شوێنانەشی بنکەمان هەیە، کارمەندەکان لە هەفتەیەکدا تەنیا دوو بۆ سێ رۆژ دەوام دەکەن، ئەویش تاوەکو کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ."
بەگوتەی بەرپرسانی تەندروستی، گرفتەکە تەنیا لە باڵەخانەدا نییە، بەڵکو دابینکردنی سیستەمی ساردکەرەوە بۆ پاراستنی دەرمانەکان لە شوێنە دوورەدەستەکان بووەتە کێشە. ئەم دۆخە وایکردووە هاوسەنگیی دابەشبوونی خزمەتگوزارییەکان لە نێوان شار و گوند تێکبچێت و فشارێکی زۆریش بکەوێتە سەر نەخۆشخانەکانی ناو شار.
لە کاتێکدا پلەکانی گەرما لە گەرمیان بەرزن و مەترسیی پێوەدانی مار و دووپشک لە گوندەکاندا زۆرە، نەبوونی ناوەندی تەندروستیی نزیک، ژیانی گوندنشینانی رووبەڕووی
مەترسیی بەردەوام کردووەتەوە.



