رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەستی کردووە بە لێکردنەوەی ئەو تابلۆ بازرگانییانەی زمانی کوردییان لەسەر نییە. بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک دەڵێت، تەنیا لە یەک رۆژ دا 20 شوێنی بازرگانی ئاگادار کراونەتەوە و تابلۆکانیان لێکراوەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 6ـی ئەیلولی 2026، سەنگەر محەممەد، بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک، بە رووداوی گوت: "لە شەقامی پزیشکانی گەڕەکی تەیراوە، دەستمان کرد بە هەڵمەتی لێکردنەوەی تابلۆ بازرگانییەکان، بە مەبەستی گۆڕینیان بۆ زمانی شیرینی کوردی و رێکخستنەوەیان بە شێوازێکی جوان و مۆدێرن."
دوای بەرنامەی لەگەڵ رەنج لە خانەقین و گۆڕینی تابلۆکەی ئەو ئاسنگەرە کوردە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر وەکو یەکەم پارێزگا دەستیکرد بە جێبەجێکردنی رێکارەکان.
رێگری لە ریکلام و تابلۆی بێ مۆڵەتیش بەشێکە لە هەڵمەتەکە
بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک، هەڵمەتەکە تەنیا بۆ جێگیرکردنی زمانی کوردی نییە، بەڵکو رێگری لە دانانی ریکلام و تابلۆی نایاسایی بەبێ مۆڵەتی شارەوانیش دەگرێتەوە.
سەنگەر محەممەد هەروەها گوتی: "لە رۆژی یەکەم دا تابلۆکانی 20 شوێنی بازرگانی لێکراونەتەوە و ئاگادارییان پێدراوە کە تابلۆکان بە زمانی سەرەکیی کوردی و بە زمانی لاوەکیی دیکە هەڵبواسێنن."
ئەو روونیکردەوە کە هەر کەسێک سەرپێچی بکات، دووچاری سزای یاسایی دەبێت و ئەگەر تابلۆی بێ زمانی کوردی دووبارە هەڵبواسێتەوە، شارەوانی دووبارە لێیدەکاتەوە.
تیمێکی 15 کەسی بە هاوکاریی پۆلیسی شارەوانی هەڵمەتەکە بەردەوام دەکات
بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک دەڵێت، تیمێکی 15 کەسی بە هاوکاریی پۆلیسی شارەوانی هەڵمەتەکەیان دەستپێکردووە و کارەکە بەردەوام دەبێت، تاوەکو سەرجەم ئەو تابلۆیانە بگۆڕدرێن کە زمانی کوردییان لەسەر نەنووسراوە.



