رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە دانیشتووانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ئایندە 1 لە رێگەی کەسنەزان لە پارێزگای هەولێر دەڵێن، کێشەی ئاویان هەیە. لە بەرامبەردا بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر رایدەگەیەنێت کە ئاو رۆژانە بۆ پڕۆژەکە رەوانە دەکرێ، بەڵام بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە وێستگەی سەرەکی، بڕی ئاوەکە کەم بووەتەوە.
ئەحمەد عەبدوڵڵا، یەکێک لە دانیشتووانی ئایندە 1، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رادیۆی رووداو باسی لە مەینەتییەکانی بەشێک لە 450 خێزانی نیشتەجێی پڕۆژەکە کرد و رایگەیاند: "تەنیا لە مانگی رابردوودا 125 هەزار دینارم داوەتە ئاو کە بە تەنکەر کڕیومە. هەرچەندە مانگانە 35 هەزار دینار پارەی خزمەتگوزاری دەدەین و بەپێی گرێبەستەکە دەبێت ئاومان بۆ دابین بکرێ، بەڵام ئێستا بێ ئاوین."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر 3 بیری ئاو لە نێو پڕۆژەکەدا هەبوون، بەڵام ئێستا هەموویان وشکیان کردووە و لە 2 مانگی رابردوودا کۆی گشتی تەنیا 5 کاژێر ئاویان بۆ بەردراوەتەوە.
بە گوتەی دانیشتووانی پڕۆژەکە، نوێنەرەکانیان چەندین جار سەردانی کارگێڕیی ناحیەی کەسنەزان و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێریان کردووە.
لەو بارەیەوە رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو وەڵامی سکاڵای دانیشتووانی دایەوە و رایگەیاند: "ئێمە رۆژانە ئاو بۆ شاری ئایندە 1 رەوانە دەکەین؛ بڕی ئاوی پێویستیان بۆ رەوانە دەکرێ. کێشەی سەرەکی ئەوەیە چەند رۆژێک پێش ئێستا بگۆڕی کارەبا لە وێستگەی کەورگۆسک سووتا، ئەمەش وای کرد بڕی ئەو ئاوەی لە پڕۆژەی ئیفرازەوە دێت وەکو پێشووتر نەبێت و بۆ هەموو ناوچەکان کەم ببێتەوە."
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر روونی کردەوە کە پڕۆژەکە کێشەی وشکبوونی بیرەکانی هەیە و ئەوانیش ئاویان بۆ دابین دەکەن. رابەر حوسێن رایگەیاند: "کۆمپانیاکە بەرپرسیارە لە خزمەتگوزاریی ئاو، بەڵام کاتێک ئەوان ناتوانن ئاو دابین بکەن، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتیی ئاو پابەندین ئاویان بۆ دابین بکەین.."



