رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە سێ مانگ لەمەوبەر، ژمارەی حوکمدراوان لە هەرێمی کوردستان 350 کەس زیادی کردووە و بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان دەڵێ، بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی حوکمدراوان پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتییان ئامادە کردووە.
نۆ ساڵە لێبووردنی گشتی لە هەرێمی کوردستان دەرنەکراوە و بەو هۆیەوە هیچ حوکمدراوێک ئازاد نەکراوە. ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 7ی ئەیلوول بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ژمارەی حوکمدراوان زۆر بەرزبووەتەوە و نزیکەی 170 بەندکراوی زیندانەکانی دیکەش رەوانەی چاکسازییەکان کراون."
سەرەتای مانگی پێنجی ئەم ساڵ 6 هەزار و 50 حوکمدراو لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بوون. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ 6 هەزار و 400 حوکمدراو لە هۆڵەکاندا سزاکانیان بەسەر دەبەن.
ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی: "چاکسازییەکان بۆ هێشتنەوەی دوو هەزار و 700 بۆ 3 هەزار حوکمدراو دروستکراون، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە زیاترە لە دوو هێندەی توانای خۆیانە. دەزانین حوکمدراوی زۆر هەن، ئێمەش پێمان خۆشە بە یاسایەک لێبووردنی گشتی دەربکرێ و زۆرینەیان ئازاد بکرێن."
لە هەرێمی کوردستاندا سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن؛ هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵانیش لە هەر سێ شارەکەدا هەن. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان بۆ کەمکردنەوەی زیندانییەکان و چۆڵکردنی هۆڵەکان، یاسای لێبووردنی گشتی بە پێویست دەزانێت.
ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی: "پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی ئامادەیە. لە خولی پێشوودا لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیش تاوتوێ کرا، بەڵام بۆ پەسندکردن کەوتە ئەم خولەی پەرلەمانەوە، کە تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەکانی بە فەرمی دەستیان پێ نەکردووە. لەگەڵ کارابوونەوەی پەرلەمان پڕۆژەکە دەخەینەوە بەردەست فراکسیۆنەکان."
دوایین جار لە 17-12-2017ـدا پەرلەمانی کوردستان لێبووردنی گشتیی بۆ سزادراوان دەرکرد و ژمارەیەکیان بەگوێرەی مەرجەکان ئازاد کران. ئەو لێبووردنە تەنیا بۆ ئەو سزادراوانە کارا بوو کە ئەوکات لە زینداندا بوون.
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان گوتی: "ئەگەر پەرلەمان کارابێتەوە و پڕۆژەیاساکە پەسەند بکرێ، نزیکەی چوار هەزار حوکمدراو مەرجەکانی ئازادبوون دەیانگرێتەوە و ئازاد دەکرێن و دەگەڕێنەوە نێو کەسوکاریان."
بە گوتەی ئیحسان عەبدولڕەحمان، ئەو کەسانەی لێبووردنی گشتی دەیانگرێتەوە ئەوانەن کە ئاشتەوایی (سوڵح)یان هەیە و ئەوانەیشی مافی گشتییان لەسەر نییە؛ گوتیشی: "ئامانجمان کەمکردنەوەی زیندانییەکانە لە چاکسازییەکان و پێدانی دەرفەتێک بەو کەسانەی مەرجیان تێدیە".



