رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو لە گەڕەکی کۆماریی قەزای خورماتوو، مێرمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ "بەهۆی دۆڕاندنی 70 هەزار دۆلار لە یارییەکی تیکتۆکدا"، لەلایەن باوک و خاڵییەوە ئەشکەنجە درا و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا. پۆلیس دەڵێت، هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیرکراون.
عەمید بەدر خەڵەف، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "باوکی مێرمنداڵەکە و خاڵی دەستگیرکراون. پاش لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، هەردوو تۆمەتبارەکە دانیان بەوەدا ناوە کوڕەکە لەژێر ئەشکەنجە و لێدانی ئەواندا گیانی لەدەستداوە."
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم مێرمنداڵە ماوەی چەند رۆژێکە لە تیکتۆک لەلایەن چەند کەسێکەوە هەڵخەڵەتێندراوە و لەڕێگەی لینکی یارییەکەوە، سەرجەم پارەی ماڵەوەیانی دۆڕاندووە کە بڕەکەی 7 دەفتەر دۆلار (70 هەزار دۆلار) بووە و لە هەژماری بانکیی ماڵەوەیاندا بووە."
لەلایەکی دیکەوە، دکتۆر هاروون رەشید، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی خورماتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تەرمی مێرمنداڵەکە لەکاتی گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو. شوێنەواری تووندی ئەشکەنجە و لێدان بە جەستەیەوە دیاربووە و زۆر
درەنگ گەیێندرابووە نەخۆشخانە."
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و هەردوو تۆمەتبارەکە بە فەرمانی دادوەر راگیراون بۆ ئەوەی رووبەڕووی سزای یاسایی ببنەوە.



