رووداو دیجیتاڵ
قۆناخی یەکەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ناحیەی سەنگاو دەستپێدەکات. بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگاو دەڵێت، سەرجەم فەرمانبەرانی ناحیەکە زەوییان پێدەدرێت.
رۆژی چوارشەممە 9ی ئەیلوولی 2026 سدیق محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگاو بە وەکالەت، بە رووداوی راگەیاند، "بە ئامادەبوونی داواکاری گشتی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی 100 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی سنوورەکە دەکرێت."
بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگاو بە وەکالەت هەروەها دەڵێت، "پڕۆسەکە بەپێی خاڵبەندی بەڕێوەدەچێت و لەم قۆناخەدا ئەو کەسانەی خاڵەکانیان لەنێوان (35 بۆ 17) خاڵدایە، بە شێوەی تیروپشک زەوییان پێدەدرێت."
"سەرجەم فەرمانبەران زەوی وەردەگرن"
لەبارەی قۆناخەکانی دیکە، سدیق محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، "20 پارچە زەوی ماوە، تەنیا ئیفراز کردنی ماوە و هەر کاتێک ئیفراز کرا بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا دابەش دەکرێت کە زەوییان پێ نەدراوە، دڵنیایی دەدەین سەرجەم فەرمانبەران زەوییان پێ دەدرێت."
بەڕێوەبەری ناحیەکە ئەوەشی خستەڕوو، "شوێنی زەوییەکان لە سەنگاوە و خزمەتگوزارییان بۆ چووە، بۆیە فەرمانبەران دەتوانن دوای تەواوکردنی رێکارەکانی تاپۆکردن دەست بە دروستکردنی خانوو بکەن."



