رووداو دیجیتاڵ
بۆنی ناخۆش و گازە ژەهراوییەکانی کارگەکانی دەوروبەری ناوچەی پیشەسازیی عەربەت، ژیانی دانیشتووانی قەزای شارەزوور (هەڵەبجەی تازە) و شارۆچکەی زەڕایەنی خستووەتە مەترسییەوە. هاونیشتمانییان دەڵێن، شەوانە کە خەڵک لە خەودان، بۆنەکە بە ئاستێکی خنکێنەر دەگاتە ناو ماڵەکانیان.
عەلی حەسەن، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی شارەزوورە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە کاژێر 1:00ـی شەو تاوەکو بەرەبەیان، بۆنێکی زۆر تووند و خنکێنەر بڵاودەبێتەوە. ئەو بۆنە لە رێگەی ئامێرەکانی ساردکەرەوە دێتە ژوورەوە و زۆرجار بەهۆی بۆنەکەوە لە خەو هەڵدەستین".
بە گوتەی دانیشتووان، ئەمە کێشەیەکی نوێ نییە و زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی هاونیشتمانییان بە هەموو شێوازێک دەنگی خۆیان گەیاندووەتە بەرپرسان.
سارا، دانیشتوویەکی دیکەی سنوورەکەیە و دەڵێت: "خێزان هەن نەخۆشیی رەبۆ و هەناسەتەنگییان هەیە، بەڕاستی ژیانیان لە مەترسیدایە. ئێمە تەنیا داوای مافی خۆمان دەکەین کە هەوایەکی پاک بێت. زانیاریمان هەیە کە بەشێک لەو کارگانەی هۆکاری سەرەکین، خاوەنەکانیان کەسانی دەستڕۆیشتوون و بۆیە بێدەنگییان لێکراوە".
سەبارەت بەو کێشەیە رزگار غەفوور، قایمقامی شارەزوور بە رادیۆی رووداوی گوت: "سەرچاوەی بۆنەکە لە ناوخۆی شارەزوور نییە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ سنووری ناوچەی پیشەسازیی عەربەت و دەوروبەری، بۆیە پێویستە قایمقامییەتی سلێمانی و دەستەی ژینگە وەڵامیان هەبێت".
لە بەرامبەردا، فازڵ عومەر، قایمقامی مەڵبەندی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی گوت: "ئێمە بەردەوام لیژنەی ژینگەییمان هەیە. هەر کارگەیەک سەرپێچی بکات و فلتەر بەکارنەهێنێت، رێکاری یاسایی لەگەڵدا دەگرینەبەر. هەندێک شەویش لیژنەی تایبەتمان بۆ بەدواداچوون ناردووە و کارکردن لەسەر ئەم بابەتە لەلایەن لیژنە هاوبەشەکان و فەرمانگەی ژینگەوە بەردەوامە".


