رووداو دیجیتاڵ
تیمی پڕۆژەی رووناکی رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 650 هەزار هاوبەشی کارەبا لە داشکاندنی پارەی قەرزی پێش پڕۆژەکە سوودمەند بوون. هەروەها سبەی دوایین رۆژی داشکاندنەکەیە.
پڕۆژەی رووناکی، ئەمڕۆ 9ی ئەیلوول بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی دوایین رۆژی داشکاندنی پارەی قەرزی کارەبایە بۆ پێش پڕۆژەی رووناکی، بەهۆیەوە لە هەموو فەرمانگەکان کاتی وەرگرتنی پارە درێژ دەکرێتەوە".
بەگوێرەی پڕۆژەی رووناکی، سبەی فرۆشیارانی کارەبا لە هەولێر یەک و دوو، سۆران، پیرمام، کۆیە، خەبات و شەقڵاوە تاوەکو کاژێر 06:00ـی ئێوارە کراوە دەبن، هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەڵەبجە و دهۆک تاوەکو کاژێر 04:00ی ئێوارە کراوە دەبن و لە سلێمانی تاوەکو کاژێر 09:00ی شەو پارە وەردەگیرێت.
بەگوێرەی زانیاری پڕۆژەی رووناکی بۆ رووداو، ئەو هاوبەشانەی لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە (ئی-پسووڵە) پارەی قەرزی کارەبای پێش پڕۆژەی رووناکی دەدەنەوە، سبەی تاوەکو کاژێر 12:00ی شەو دەتوانن قەرزەکە بدەنەوە و سوود لە داشکاندنەکە ببینن.
پڕۆژەکە دەڵێت: "سبەی 10ی ئەیلوول دوایین کاتە و ماوەی داشکاندنەکە درێژ ناکرێتەوە".
لە 3ی ئاب، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا 50٪ داشکاندن بۆ قەرزی کارەبای پێش پڕۆژەی رووناکی بۆ هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی، و 25٪ی قەرزی پیشەسازی، بازرگانی و میری بکات.


