رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردە رۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی راگەیاند، کە 20ـی ئەم مانگە دەبێت.
وەزارەتی پەروەردە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە بڕیاری دا بە پەسندکردنی ساڵنامەی خوێندنی 2026-2027 و رۆژی یەکشەممە 20-09-2026 دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەبێت".
دیاریکردنی رۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە پەسند کرا.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردە، لە ساڵی خوێندنی 2025-2026ـدا یەک ملیۆن و 681 هەزار و 522 قوتابی لە قوتابخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دەیانخوێند، هەروەها 146 هەزار و 50 قوتابی لە قوتابخانە تایبەتەکاندا دەیانخوێند.
تاوەکو ئەمڕۆ ژمارەی قوتابیانی ساڵی نوێی خوێندن لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بە فەرمی رانەگەیێندراوە.
لە هەرێمی کوردستان 7 هەزار و 585 قوتابخانە هەن، 6 هەزار و 957 قوتابخانەی حکومی و 628 قوتابخانەی ناحکومی (تایبەت).



