رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی پلەی گەرما جێگیر دەبێت. کەشناسێکیش پێشبینی دەکات، لە دوای نێوەڕاستی مانگەوە پلەی گەرما زیاتر دابەزێت و "بارانی باش" لە مانگی داهاتوودا ببارێ.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما "کەمێک" بەرز دەبێتەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، سبەی پلەی گەرما "نزیک دەبێتەوە" لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیاییی رووداوی گوت: "نزمەپەستانی گەرمی وەرزیی زەریای هیندی لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و دەوروبەری و عێراق کشاوەتەوە و کۆتایی هاتووە، کە ساڵانە لە سەرەتای هاویندا چالاک دەبێت و هۆکارێکی شەپۆلە توندەکانی گەرمایە".
شاڵاو هیدایەت پێشبینی دەکات، لە دوای نێوەڕاستی ئەم مانگەوە پلەی گەرما زیاتر دابەزێت. لەبارەی بارانبارینەوە ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوە کرد: "بۆ ئەم مانگە ئەگەری بارانبارین دەرکەوتووە، بەڵام هێشتا جێگیر نەبوون و ئەگەری گۆڕانی هەیە، بەڵام هەموو پێشبینییەکان بەو ئاراستەین مانگی داهاتوو بارانی باش ببارێت و لە بەشێکی ناوچەکان پەڵە بدات".
ئەو کەشناسە پێشبینی دەکات، "ئەم وەرزەی بارانبارین لە هیچ ناوچەیەکی عێراق و هەرێمی کوردستاندا مەترسیی وشکەساڵی نابێت".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی پلەی گەرما بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 37 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 37 پلەی سیلیزی
دهۆک: 39 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 37 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 37 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 38 پلەی سیلیزی
پیرمام: 35 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 38 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 42 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 29 پلەی سیلیزی



