رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کەلار دەڵێ، لیژنەکانیان چاودێریی ماڵان دەکەن و هەر ماڵێک دوای ئاگادارکردنەوە، تەوافە بۆ تەنکییەکانی نەبەستێت، بە بڕی 50 هەزار دینار سزا دەرێ.
رۆژی شەممە، 12ی ئەیلوولی 2026، سەردەشت جاسم، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کەلار بە رووداوی گوت: "رۆژانە لە شاری کەلار ئاو بەسەر ماڵان دابەش دەکەین، بەڵام دوای بەدواداچوون بۆمان دەرکەوت بەشێکی زۆر لەو ئاوە لە سەربان و حەوشەی ماڵان بە فیڕۆ دەچێ".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کەلار دەڵێ: "بۆمان دەرکەوتووە کە ئەو ئاوەی لە شارەکە بەفیڕۆ دەچێت بەهۆی نەبەستنی تەوافەی ماڵانەوەیە، هەربۆیە لیژنەکانمان بە بەردەوامی لە کۆڵاکاندا دەگەڕێن و هەر ماڵێک تەوافەی نەبەستێ، سزا دەدرێت".
سەبارەت بە جۆری سزاکە، سەردەشت جاسم گوتی: "ئەگەر ماڵێک تەوافەی نەبەستێت، سەرەتا لیژنەکانمان ئاگاداری دەکەنەوە. ئەگەر دواتر تەوافە نەبەستێت بە 50 هەزار دینار سزا دەدرێ. ئەگەر ئەو هاوبەشە بەردەوام بێت لە نەبەستنی تەوافە، سزای قورستر دەدرێ".

