رووداو دیجیتاڵ
کرێی تەکسی بەهۆی ئەو دۆخەی دروستبووە، لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە.
رۆژی شەممە، 11 ئەیلوولی 2026، ئازاد جەلال، سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە و شۆفێرانی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کرێی گواستنەوە لە سەنتەری شار گرانبووە، بە جۆرێک بەشێک لە شۆفێرەکان بە پێنج هەزار یان شەش هەزار کار دەکەن، لە کاتێکدا پیشتر سێ هەزار بۆ چوار هەزار بوو".
سەرۆکی سەندیکاکە گوتی: "هۆکاری سەرەکی گرانبوونی کرێی تەکسی لە سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبونەوەی نرخی بەنزین و کەمی ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن".
سەبارەت بەو کرێیەی لە هاونیشتمانییان وەردەگیرێ، ئازاد جەلال گوتی: "بەشێک لە تەکسییەکان نرخەکەیان وەک خۆی هێشتووەتەوە و بەشێکی دیکەشیان دەڵێن، ئەگەر بە سێ هەزار و چوار هەزار کار بکەین، پارەی بەنزینەکەمان بۆ دەرنایەتەوە".
هەر لەو بارەیەوە ژیار عومەر، شۆفێری تەکسی لە سلێمانی، بە رووداوی گوت: "پێشتر بۆ گواستنەوەی هاونیشتمانییان لە سەنتەری شار بڕی سێ هەزار بۆ چوار هەزارمان وەردەگرت، بەڵام ئێستا نرخی بەنزین گرانبووە و داوای پێنج بۆ شەش هەزار دینار لە هاونیشتمانییان دەکەین".
هەر ئەمڕۆ شەممە زەکەریا عەزیز، بەڕێوەبەری سەندیکای گواستنەوە و گەیاندنی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "لە دوای بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و نۆرەگرتنی شۆفێران بۆ بەنزینی 750 دیناری، کرێ تەکسی لە هەولێر جێگیر نییە و بەراورد بە مانگی رابردوو دوو هەزار گرانتر بووە".

