رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێ، گەنجێکی تەمەن 30 ساڵ کە پیشەی پەرستار بووە، لە کاتی راوەماسیدا لە رووباری سیروان خنکاوە.
رۆژی شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026، عەقیدی پۆلیس سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ گەنجێک بە ناوی محەممەد عەبدولڕەحمان، تەمەن 30 ساڵ، دانیشتووی گەڕەکی ئەندازیاران لە شاری کەلار، لەگەڵ باوک و کەسوکارەکەیدا بە مەبەستی راوەماسی چووەتە گوندی تازەدێ لەسەر رووباری سیروان، بەڵام لەنێو ئاوەکەدا خنکاوە."
سەبارەت بە چۆنێتی خنکانی گەنجەکە، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد:”بەپێی گوتەی کەسوکارەکەی، لە کاتی راوەماسیدا تۆڕی راوکردنەکە لە پێی ناوبراو گیربووە و بەهۆیەوە خنکاوە، تاوەکو ئێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە."
لە ئێستادا تیمەکانی فریاکەوتن و غەواسی گەرمیان دەستیان بە گەڕان و پشکنین کردووە بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو پەرستارە، هاوکات مەفرەزەکانی پۆلیسی گەرمیانیش لە شوێنی رووداوەکەن و لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
بەپێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانیی گەرمیان ئەم ساڵ ئەوە چوارەم حاڵەتی خنکانە لە ڕووباری سیرواندا تۆمار دەکرێت.

