رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە قەزای رزگاریی سەر بە ئیدارەی گەرمیان دەڵێت، زیاتر لە 9 ملیۆن دیناری لە دروستکردنی باخچەیەک لە بەرامبەر ماڵەکەی خەرج کردووە، بەڵام شارەوانی بەبێ ئاگادارکردنەوە تێکی داوە؛ لە بەرامبەردا شارەوانی دەڵێت شوێنەکە زێدەڕۆیی بووە.
عەلی بەدرەدین، دانیشتووی گەڕەکی حەمرین لە قەزای رزگاری، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە بەرامبەر ماڵمان لە شوێنێکی چۆڵ کە رووبەرەکەی 12 بە 12 مەتر بوو، باخچەیەکم دروست کرد. زیاتر لە 9 ملیۆن و نیو دینارم لە هەڵکۆڵین، چاندنی نەمام و دروستکردنی کەپرێکدا خەرج کردبوو، بەڵام بەبێ ئەوەی ئاگادارم بکەنەوە بۆ ئەوەی کەلوپەلەکانم ببەم، تیمەکانی شارەوانی بە شۆفڵ هاتن و تەواوی باخچەکەیان تێکدا."
لە بەرامبەردا، رێباز حەمید، سەرۆکی شارەوانیی قەزای رزگاری، هۆکاری تێکدانی شوێنەکەی بۆ هەڵمەتی نەهێشتنی زێدەڕۆیی گەڕاندەوە و گوتی: "هەڵمەتەکەی شارەوانی بۆ نەهێشتنی زێدەڕۆیی بووە لەسەر موڵکی گشتی، بەتایبەت ئەو شوێنانەی کە داگیر کرابوون و ببوونە شوێنی بەخێوکردنی پەلەوەر و مریشک."
سەرۆکی شارەوانیی رزگاری راشیگەیاند، هەڵمەتەکانیان بەردەوام دەبێت و گوتیشی: "هەر شوێنێک سەوزاییەکی جوان بێت رێگری لێ ناکرێت، بەڵام دەستبەسەرداگرتنی موڵکی گشتی و دروستکردنی شوێنی نەگونجاو قبووڵ ناکرێت و سەرپێچییەکان لادەبرێن."



