رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکی "ماڵتا" لە شاری دهۆک کە خانووەکانیان بە پڕۆژەی شەقام و وەبەرهێنان دەکەوێت، داوای قەرەبوو دەکەن، شارەوانیی دهۆکیش رایدەگەیێنێت، هەر خانوویەک بەر پڕۆژە بکەوێت، بەپێی یاسا قەرەبوو دەکرێتەوە.
بەپێی گوتەی هاونیشتمانییان، ئەو خانووانەی لەو ناوچەیە دروستکراون زێدەڕۆن و زیاتر لە 20 بۆ 30 ساڵە تێیدا نیشتەجێن، بەڵام ئێستا ئاگادار کراونەتەوە کە تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول چۆڵی بکەن.
رەیان شەعبان، دانیشتووی گەڕەکی ماڵتا، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێمە لە ساڵی 2003ـەوە لەم گەڕەکە نیشتەجێین. بەهۆی مەترسیی رووخاندنی خانووەکەمان، تووشی دڵەڕاوکێیەکی زۆر بووین. بەشێک لە خانووەکان بەر شەقامی ئامەد و بەشەکەی دیکەشی بەر پڕۆژەی وەبەرهێنان دەکەون؛ داوا دەکەین قەرەبووی گونجاومان پێبدرێت."
شێروان حەسەن، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دهۆک، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ناوچەکە دەکەوێتە سەر ماستەرپلانی سەرۆکایەتیی شارەوانی و گوتی: "لەو ناوچەیە نزیکەی 100 خانووی زێدەڕۆ بەر شەقام و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان دەکەون، نەک 500 خانوو وەک باس دەکرێت."
سەبارەت بە چارەنووس و قەرەبووکردنەوەی خاوەن خانووەکان، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی دهۆک دڵنیایی دا و گوتی: "هەر خانوویەکی زێدەڕۆ کە بەر پرۆژەکان بکەوێت، بەپێی یاسا قەرەبوو دەکرێتەوە."



