رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ خانەنشینانی سەربازی و شارستانی مووچەی مانگی ئاب وەردەگرن، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان دەڵێت، بەهۆی دواکەوتنی مامەڵەی ئەو فەرمانبەرانەی ئەم ساڵ خانەنشین بوون، سەتان کەسیان چەند مانگێکە مووچەیان وەرنەگرتووە و ئەم مانگەش پێکەوە وەریناگرن.
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 15-09-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر فەرمانبەرێک لە ئەم ساڵدا خانەنشین بووبێت، بەهۆی دواکەوتنی مامەڵەکەیەوە چوار بۆ پێنج مانگ مووچەی پێنەدراوە و ئەم مانگەش هەموویان پێکەوە پێنادرێت".
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان گوتیشی: "دەنگۆیەک هەبوو کە لەمەودوا ئەوانەی خانەنشین بوون هەموو مانگێک کە مووچە دێت دوو مووچە وەربگرن تاوەکو قەرەبووی ئەو مانگانەیان بۆ دەکرێتەوە کە وەریاننەگرتووە، بەڵام پێناچێت ئەم مانگە دوو مووچە وەربگرن، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت لە بەغداوە پارەی تەواو بۆ مووچە نەنێردراوە".
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دوێنێ 14ی ئەیلوول رایگەیاند: "هاوشێوەی چەند مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاب لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە؛ ئەوە سەرەڕای ئەوەی بڕی 6 ملیار و 30 ملیۆن و 166 هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی ئاب نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی".
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان گوتی: "بەگوێرەی یاسا، کاتێک کەسێک خانەنشین دەبێت و بەهۆی مامەڵەکەیەوە وەرگرتنی مووچەی دوادەکەوێت، دەبێت کە مووچەی بۆ بەسترا ئیدی هەموو مووچەکان پێکەوە وەربگرێت. ئەم خاڵە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە و ئەوانەی مووچەشیان بۆ بەستراوە، مووچەی چوار بۆ پێنج مانگیان راگیراوە".
سادق شێخ عوسمان ئاماژەی بەوە کرد: "هەندێک خانەنشین هەن هەر بەهۆی رۆتینی مامەڵەکانیانەوە بە درێژایی ئەم ساڵ هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە و پێشیان نەگوتراوە کەی کێشەکەیان چارەسەر دەکرێت".
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 170 هەزار خانەنشینی شارستانی هەن؛ هەروەها زیاتر لە 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.


.png&w=3840&q=75)
_(1).webp&w=3840&q=75)