رووداو دیجیتاڵ
دوای 12 کاژێر لە دیارنەمانی، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە تەرمی منداڵێکی تەمەن 11 ساڵان لە کەناراوەکانی دەریاچەی دووکان لە سنووری شارۆچکەی چوارقوڕنە دۆزرایەوە، کە "لەکاتی مەلەکردندا خنکاوە."
یونس عەبدولڕەحمان، ئەو منداڵەی گیانی لەدەستداوە، دانیشتووی چوارقوڕنەیە. رۆژی دووشەممە لە ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە، دوای گەڕانێکی بەردەوامی کەسوکارەکەی تاوەکو بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، دواجار دەرکەوت لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەیدا بۆ مەلەکردن چوونەتە دەریاچەی دووکان.
عەبدولڕەحمان محەممەد، باوکی یونس بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی دووشەممە کوڕەکەم لە ماڵ چووەتە دەرەوە و دیارنەما؛ دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکانمان ئاگادار کردەوە و دەستمان بە بەدواداچوون کرد."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ یەکێک لەو منداڵانە کردووە کە هاوڕێی یونس بووە، منداڵەکە دانی بەوەداناوە کە پێکەوە چوونەتە کەناری دەریاچەی دووکان و لەکاتی مەلەکردندا یونس خنکاوە.
دوای دەرکەوتنی راستیی رووداوەکە، تیمە ئەمنییەکان و کەسوکاری یونس چوونە شوێنی رووداوەکە و نزیکەی کاژێر 3:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، توانییان تەرمەکەی بدۆزنەوە و دەریبهێنن.
.png&w=3840&q=75)


_(1).webp&w=3840&q=75)