کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Article hero image
هەواڵە ناوخۆییەکان

دەزگای روانگە هاوبەشییەکی پێنج ساڵە لەگەڵ منداڵپارێزی جیهانی و منداڵپارێزی کوردستان دەست پێدەکات

بەشدار موزەفەر

بەشدار موزەفەر

15-09-2026
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
بەشدار موزەفەر
بەشدار موزەفەر15-09-2026

بابەتی پەیوەندیدار

دوو نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست: پێمان گوتراوە هەفتەی داهاتوو مووچەمان دابەش دەکرێ
هەواڵە ناوخۆییەکان18-11-2026

دوو نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست: پێمان گوتراوە هەفتەی داهاتوو مووچەمان دابەش دەکرێ

نەوت و کانزاکانی هەولێر: سبەی لە هەریر، باسرمە و بالیسان نەوت دابەش دەکرێ
هەواڵە ناوخۆییەکان18-11-2026

نەوت و کانزاکانی هەولێر: سبەی لە هەریر، باسرمە و بالیسان نەوت دابەش دەکرێ

نرخی موەلیدە ئەهلییەکان لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دیاری دەکرێ
هەواڵە ناوخۆییەکان18-11-2026

نرخی موەلیدە ئەهلییەکان لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دیاری دەکرێ

رووداو دیجیتاڵ

ستراتیژیی گەنجانی رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی لە عێراق بۆ ساڵانی (2027-2032) لەگەڵ "رێبەری داکۆکیکاری بودجە و لێپرسینەوەی گشتی بۆ گەنجان" لە رێوڕەسمێکدا لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی، نوێنەرانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجان راگەیێندرا. دەزگای روانگەش بۆ پێنج ساڵی داهاتوو وەک هاوبەشی ستراتیژیی رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی و رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان کاردەکات.

ئامانج لەم هاوبەشییە بەهێزکردنی بەشداریی کارای گەنجانە لە داڕشتنی سیاسەت، بڕیاردانی گشتی، لێپرسینەوە و بەشداریکردن لە پرۆسەی بودجە، هاوشانی پشتیوانیکردنی دەستپێشخەری و بیرۆکە نوێیەکانی لاوان. لە رێوڕەسمەکەدا جەخت لە دیدگەی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، دامەزرێنەر و سەرۆکی دەزگای روانگە کرایەوە کە گەنجان وەک سەرمایەیەکی نیشتمانیی بەردەوام دەبینێت کە پێویستیان بە وەبەرهێنان، پاراستن و رەخساندنی دەرفەتی یەکسانە.

"زیاتر لە 52٪ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان گەنجن"

لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمەکەدا، زەکیە سەیید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بە داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "نزیکەی 52.5٪ـی دانیشتووانی کوردستان لە خوار تەمەنی 30 ساڵییەوەن، ئەمەش دەریدەخات کۆمەڵگەکەمان گەنجە و خاوەنی هێزێکی گەورەی کار، فێربوون و داهێنانە."

بریکاری وەزارەتی کار هۆشداریشی دا کە ئەگەر دەرفەتی گونجاو نەڕەخسێندرێ، توانای گەنجان لەدەستدەچێت و گوتی: "ئەم هێزە ئەگەر دەرفەتی بۆ دروست نەکرێ، دەبێتەهۆی کۆچ و لەدەستدانی سەرمایەی مرۆیی. گەنج نابێت تەنیا وەک وەرگری خزمەتگوزاری سەیر بکرێ، بەڵکو هاوبەشی راستەقینەی دۆزینەوەی چارەسەرەکانە. ئەرکی ئێمەیە پەیوەندیی نێوان پەروەردە و پێداویستییەکانی بازاڕی کار بەهێزبکەین و کەرتی تایبەتیش بکەینە هاوبەش لە رەخساندنی هەلی کاردا."

"بودجە تەنیا ژمارە نییە"

سارا لەتیف رەشید، سەرۆکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان گوتی: "لە ماوەی ئەم 35 ساڵەی کاری رێکخراوەکەدا فێربووین کە گۆڕانکاریی راستەقینە لە رێگەی کارکردنی بەردەوام لەنێو کۆمەڵگەدا دروست دەبێت. لەگەڵ گۆڕانی قۆناخەکان، شێوازی کارکردنی ئێمەش گۆڕاوە. گەنجان بۆ ئێمە تەنیا سوودیان بۆ ئێمە نییە، بەڵکو هاوبەشن لە دەستنیشانکردنی کێشەکان و داڕشتنی چارەسەرەکاندا."

لەبارەی ناساندنی "رێبەری داکۆکیکاری بودجە بۆ گەنجان"، سارا رەشید گوتی: "بودجە تەنیا خشتە و ژمارە نییە، بەڵکو دەستنیشانکەری کارە لەپێشینەکانە. ئەم رێبەرە یارمەتیی گەنجان دەدات بزانن چییان بۆ تەرخان کراوە، چۆن خەرج دەکرێ و کێ لێی سوودمەند دەبێت، تاوەکو گەنجان بە بەڵگەوە بتوانن لەگەڵ بڕیاربەدەستان گفتوگۆ بکەن و خۆیان ببنە بەشێک لە چارەسەر."

"نەبوونی دەرفەت گەنج بێهیوا دەکات"

حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە لە گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر ئامانجی هاوبەشییەکەیان لەگەڵ رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی و منداڵپارێزی کوردستان و گوتی: "ئامانجمان لەم پرۆژەیە ئەوە نییە بەرزتر هاوار بکەین، بەڵکو ئەوەیە فێربین چۆن پرسیاری باشتر بە بەڵگەوە ئاراستەی بڕیاربەدەستان بکەین، چونکە بە هاوارکردن سیستم ناگۆڕدرێ، بەڵکو بە بەڵگەی دروست و لە شوێنی گونجاودا دەتواندرێ گۆڕانکاری بکرێ."

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵی 2013ـەوە لەسەر بنەمای دیدگەی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، کار بۆ پەرەپێدانی تواناکان و رەخساندنی هەلی کار بۆ لاوان دەکرێ و گوتیشی: "باوەڕمان وایە ئەوەی گەنج بێهیوا دەکات نەبوونی توانا نییە، بەڵکو نەبوونی دەرفەتە. بۆیە پرۆگرامەکانمان بە زنجیرەیەک لە خوێندنی بنەڕەتییەوە تاوەکو زانکۆ و چوونە نێو بازاڕی کار داڕشتووە تاوەکو هیچ گەنجێک لە قۆناخەکاندا بە تەنیا نەمێنێتەوە."

ئەحمەد هینداوی، بەڕێوەبەری هەرێمیی رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی خۆشحاڵیی خۆی بە دەستپێکردنی ئەم ستراتیژە لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و گوتی: "بەشداریکردنی گەنجان چیدیکە دروشم و شتێکی رەسمی نییە، بەڵکو مافێکی بنەڕەتییە تاوەکو دەنگیان لە بڕیار و سیاسەتەکاندا رەنگبداتەوە."

هینداوی جەختی لەوە کردەوە کە رێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی بە تەواوی پابەندە بە بەردەوامیدان بە پشتیوانی و کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت دەزگای روانگە و منداڵپارێزی کوردستان، تاوەکو ستراتیژی نوێی گەنجان لە چوارچێوەی نووسراودا نەمێنێتەوە و لە واقیعدا کاریگەریی دروست بکات.

 

بابەتی پەیوەندیدار

دوو نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست: پێمان گوتراوە هەفتەی داهاتوو مووچەمان دابەش دەکرێ
هەواڵە ناوخۆییەکان18-11-2026

دوو نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست: پێمان گوتراوە هەفتەی داهاتوو مووچەمان دابەش دەکرێ

نەوت و کانزاکانی هەولێر: سبەی لە هەریر، باسرمە و بالیسان نەوت دابەش دەکرێ
هەواڵە ناوخۆییەکان18-11-2026

نەوت و کانزاکانی هەولێر: سبەی لە هەریر، باسرمە و بالیسان نەوت دابەش دەکرێ

نرخی موەلیدە ئەهلییەکان لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دیاری دەکرێ
هەواڵە ناوخۆییەکان18-11-2026

نرخی موەلیدە ئەهلییەکان لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دیاری دەکرێ

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە