رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە سزادراوانی چاکسازیی گەورانی سلێمانی، کە تووشبووی ڤایرۆسی جگەرن، گلەیی لە نەبوونی پشکنین و دەرمان دەکەن، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیێنێت، سەرجەم پشکنینەکان بەبێ بەرامبەر کراون، بەڵام بەشێک لە سزادراوان دەیانەوێت بەو بیانووەوە بەر لێبووردنی تایبەت بکەون.
(ع، ئ)، سزادراوێک لە هۆڵی نەخۆشانی ڤایرۆسی جگەر لە چاکسازیی سلێمانی، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێمە 16 کەسین لە هۆڵی نەخۆشانی ڤایرۆسی جگەر، لەبەر ئەوەی پێداویستیی تاقیگە لەبەردەست نەبووە، نەتوانراوە پشکنینی ڤایرۆسمان بۆ بکرێت؛ تاوەکو ئەو پشکنینانەش نەکرێن لەلایەن پزیشکی تایبەتمەندەوە دەرمان و چارەسەرمان پێ نادرێت."
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماری تووشبووانی بۆ رووداو ئاشکرا کرد و گوتی: "لە ناو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، لە سلێمانی 16 کەس، لە هەولێر 12 کەس و لە دهۆک 3 سزادراوی تووشبوو بە ڤایرۆسی جگەر تۆمار کراون."
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان باسی لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کرد و گوتی: "لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی و کۆمەڵەی کیمیایی و فیزیایی سلێمانی، هەفتەیەکی تەندروستی لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی بەڕێوەچوو و سەرجەم پشکنینە پزیشکییەکان بەتەواوی و بەبێ بەرامبەر بۆ هەموو نەخۆشەکان کراون."
ئیحسان عەبدولڕەحمان رەتیکردەوە هیچ کێشەیەک لە پێدانی چارەسەر و پشکنیندا هەبێت و گوتی: "بەشێک لەو سزادراوانە دەیانەوێت لە رێگەی بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و دۆخی تەندروستییانەوە، بەر لێبووردنی تایبەت بکەون، ئەگینا چارەسەری ئاسایی و پێویست بۆ هەموو تووشبووان دابین دەکرێت."


