رووداو دیجیتاڵ
شوفێرانی کۆمەڵگەی بەشیریان لە سنووری ناحیەی کەلەک سەر بە قەزای بەردەڕەش دەڵێن، نزیکەی 50 رۆژە تەنیا یەک جار بەنزینی پاڵپشتیکراوی 750 دینارییان پێدراوە. قایمقامی بەردەڕەشیش رایدەگەیێنێت کە پشکی دیاریکراو بۆ تەواوی قەزاکە کەمە و داوای زیادکردنیان کردووە.
هەڵمەت ئەحمەد، دانیشتووی کۆمەڵگەی بەشیریان، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "مانگێک و 20 رۆژە کێشەی بەنزینمان بۆ دروستبووە و لەو ماوەیەدا تەنیا یەک جار بەنزینی 750 دیناری دابەشکراوە؛ بەهۆی ئەوەی ناوچەکەمان لەنێوان سنووری هەولێر، دهۆک و نەینەوادایە، لە هیچ لایەک بەنزینمان پێ نادرێت."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک دەچنە قەزای خەبات بە بیانووی ئەوەی سەر بە دهۆکن بەنزینیان پێ نادرێت، کاتێکیش روو لە بەردەڕەش دەکەن دەیاننێرنەوە بۆ کەلەک، بەمەش ناچار دەبن بەنزینی بازرگانی بە 1,250 بۆ 2,000 دینار بکڕن.
بڕوا فارووق، قایمقامی قەزای بەردەڕەش، هۆکاری کەمیی بەنزینەکەی روونکردەوە و بە رووداوی گوت: "سنووری قەزای بەردەڕەش لە سێ ناحیە پێکهاتووە، رۆژانە تەنیا یەک تانکەر (36 هەزار لیتر) بەنزین بۆ هەموو سنووری قەزاکە تەرخان دەکرێت."
قایمقامی بەردەڕەش باسی لەوە کرد کە دابەشکردنەکە بەپێی نۆرەی بەنزینخانەکانە نەک ژمارەی دانیشتووان. سەبارەت بە ناحیەی کەلەکیش گوتی: "لە کەلەک سێ بەنزینخانەی فەرمی هەن، لەگەڵ بەنزینخانەیەکی سەر بە نەینەوا کە هەفتەی دوو جار بەنزینی بۆ دێت و زیاتر لە 4,000 خێزانی خاوەن کارتی ماددەی 140 لێی سوودمەند دەبن."
بڕوا فارووق ئاماژەی بەوە کرد، بۆ چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکە، داواکاریی فەرمییان ئاراستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە تاوەکو پشکی رۆژانەی بەنزینی قەزاکە زیاد بکرێت و بەڵێنی چارەسەرکردنیان پێدراوە.


