رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ زانکۆلاین کارا کرا و دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی مافیان هەیە داواکاری وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پێشکێش بکەن. گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، زۆرترین دەرفەتی خوێندن بۆ دەرچووان دەڕەخسێندرێت.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کاژێر 08:30 زانکۆلاین کارا کراوە و بۆ ماوەی هەشت رۆژ بەردەوام دەبێت".
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "ئەم ساڵ 40 هەزار و 716 دەرچووی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان داواکاری بۆ زانکۆلاین پێشکەش دەکەن".
عەباس ئەکرەم گوتی: "ئەم ساڵ بۆ وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12 زۆرترین هەل دەڕەخسێندرێت؛ تەواوی دەرچووان کە وشەی چوونە ژوورەوە و پاسوۆردیان هەبێ دەتوانن داوای وەرگرتن لە زانکۆ حکومییەکان بکەن".
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، زانکۆلاین تاوەکو 24ی ئەیلوولی 2026 کراوە دەبێت. ئەوانەی ئەم ساڵ مافی داواکردنی وەرگرتنیان لە زانکۆکان هەیە 30 هەزار و 847 کەسیان لە بەشی زانستی، 7 هەزار و 923 دەرچووی وێژەیی، 1240 دەرچووی ئامادەییە پیشەییەکان و 706 دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکانن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا 16ی ئەیلوول لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "داواکاری بۆ 680 بەش لە هەرسێ جۆری خوێندنی (زانکۆلاین) و (پارالێل) و (ئێواران) بۆ ساڵی خوێندنی (2026-2027) لە 16 زانکۆی حکومی لە هەرێمی کوردستان پێشکەش دەکرێت".
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پار لە 21ی ئەیلوول سیستمی زانکۆلاینی بۆ دەرچووان کارا کرد و تاوەکو 5ی تشرینی یەکەم بە کارایی مایەوە.
رۆژی 30ی ئابی 2026 تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ی ئامادەیی کۆتاییان هات و رۆژی دواتر ئەنجامەکەی راگەیێندرا. هەروەها رۆژی 09-07-2026، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم راگەیێندرا.


.webp&w=3840&q=75)