رووداو دیجیتاڵ
دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە سلێمانی گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەڵێ، کار بە (سیستمی تاک و جووت) دەکەن و 40 لیتر دەدرێتە شۆفێران.
رۆژی شەممە 18 ئەیلوولی 2026 سەلام عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رووداوی گوت، "بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن، بڕیار دراوە دابەشکردنی بەنزین بکرێتە سیستمی تاک و جووت و بڕی بەنزینەکەش دیاریکراو دەبێت."
گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ئۆتۆمبێلانەی ژمارەیان تاکە، ئەمڕۆ دەتوانن بچنە بەنزینخانەکان و بڕی 40 لیتر بەنزین وەربگرن؛ بۆ رۆژی دواتریش نۆرەی ئەو ئۆتۆمبێلانەیە کە ژمارەکانیان جووتە.
سەبارەت بە تەکسی و پاسی هێڵەکانی نێو شار، گوتەبێژەکەی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، سیستمی تاک و جووت پاسی هێڵەکان ناگرێتەوە، بەڵام تەکسییەکان وەک ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان (سیستمی تاک و جووت) دەیانگرێتەوە.
رۆژانە نزیکەی 400 هەزار لیتر بەنزینی 750 دیناری دەگاتە سلێمانی و لە رێگەی 16 بەنزینخانەوە دابەش دەکرێ. سەرەتا بڕەکەی دیاریکراو نەبوو، بەڵام ئیدی بۆ هەر شۆفێرێک کراوەتە 40 لیتر.
هاوکات سمکۆ سالار قایمقامی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، بەهۆی ئەوەی رۆژانە تەنیا بڕی 50 هەزار لیتر بەنزینی 750 دیناری رەوانەی هەڵەبجە دەکرێ و بۆ رێکخستنی پرۆسەکە، کار بە سیستمی ژمارەی تاک و جووت دەکەن.
.webp&w=3840&q=75)

