رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی سنووری حاجی ئۆمەران و پێنجوێن گلەیی لە هەرزانیی تەماتەی خۆماڵی دەکەن و داوا دەکەن هاوردەکردنی تەماتە رابگیرێ.
هەڵگورد ئەحمەد، جووتیارێکی دەڤەری حاجی ئۆمەرانە و بە رووداوی گوت: "بەهۆی هاوردەکردنی تەماتەی ئێرانییەوە بەرهەممان لە بازاڕدا ساخ نابێتەوە و ئەگەریش بفرۆشرێ ئەو پارەیە ناکات کە سوودی هەبێت".
ئەو جووتیارە دەڵێ: "ساڵی رابردوو کیلۆیەک تەماتەی حاجی ئۆمەران لەم کاتەدا گەیشتە 900 دینار، بەڵام ئێستا بەهۆی هاوردەکردنی تەماتەی ئێرانی کە هەر کیلۆیەکی بە 400 دینارە، تەماتەی ئێمە کیلۆی بە 250 تاوەکو 400 دینار دەفرۆشرێ و ئەوەش زیانی زۆری پێگەیاندووین".
جووتیارەکەی دەڤەری حاجی ئۆمەران گوتی: "ساڵی رابردوو نزیکەی 100 تۆن تەماتە بەرهەممان هەبوو. ئەم ساڵ زیادم کرد و دەکرێ بەرهەم بگاتە نزیکەی 200 تۆن. بەڵام ئەگەر ساڵی داهاتوو بەم جۆرە بێ، ئەوە رووبەرەکە کەم دەکەمەوە، چونکە ساڵانە نزیکەی 80 ملیۆن دینار بۆ 60 دۆنم زەوی تێچوومان هەیە. هەمانە بە کرێی ساڵانە نزیکەی 7 ملیۆن دینار زەوی گرتووە، جگە لە سەبەتە و دەرمانی قڕکەر و مادە کیمیاوییەکان و کرێی کرێکار کە ئەمانە هەمووی تێچووی بەرهەمهێنانە".
ئەو جووتیارە هۆکاری هەرزانییەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە گوایە تەماتە بەشێوەی قاچاخ لە ئێرانەوە دەهێندرێتە نێو هەرێمی کوردستان و عێراق.
رێباز پێنجوێنی دەڵێت: "ئێستا تەماتەی پێنجوێن لە بازاڕەکان کیلۆی بە 300 تاوەکو 350 دینارە، ئەمە لەکاتێکدایە من بۆ ساخکردنەوە 190 دینار دەدەمە کرێکار بۆ کرێی گواستنەوە، واتە 110 دینار دەمێنێتەوە. بۆیە ئەگەر وەزارەت بە جیدی رێگری لە هاوردەکردنی تەماتە نەکات، ئەو کاتە ئەو 200 دۆنمەی کردوومەتە تەماتە ساڵی داهاتوو کەمی دەکەمەوە".
وەزارەتی کشتوکاڵ: تەماتە هاوردە ناکرێ
قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە بە رووداوی راگەیاند: لە 15/5 تاوەکو 15/11 هاوردەکردنی تەماتە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخەیە. ئەگەر لە 15-11یش تەماتەی خۆمان هەبێت، ئەوە ماوەی قەدەخەکردن درێژ دەکەینەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "ساڵانە تەماتەی هەرێمی کوردستان لەکاتی پێگەیشتن 300 تاوەکو 350 هەزار تۆنە، ئەوە لە کاتێكدایە پێویستی ناوخۆ 150 هەزار تۆنە. بری بەرهەمی زیادە هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێ".
قارەمان قادر گوتی: "بەڵام دوای تەواوبوونی بەرهەمی ناوخۆ و لەپێناو گراننەبوونی تەماتە و لە بەرژەوەندی هاونیشتمانییان دەست بە هاوردەکردنی تەماتە دەکرێ".

_(1).webp&w=3840&q=75)

