رووداو دیجیتاڵ
بە لێدانی زەنگی خوێندن لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە، ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 بە فەرمی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، زیاتر لە 1 ملیۆن و 750 هەزار قوتابی لە هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان) لە 7 هەزار و 590 قوتابخانە دەست بە خوێندن دەکەن.
لە پارێزگای هەولێر نزیکەی نیو ملیۆن قوتابی دەخوێنن
رۆژی یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی نیو ملیۆن قوتابی (500 هەزار) ئەم ساڵ دەست بە خوێندن دەکەن، لەو ژمارەیەش 25 هەزار قوتابی لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی ناویان تۆمار کراوە و ئەمڕۆ وەک یەکەم رۆژ دەست بە خوێندن دەکەن."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، هەزار و 632 قوتابخانە لە سنووری پارێزگاکە دەرگەکانیان بۆ قوتابییان دەکرێتەوە.
لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 410 هەزار قوتابی هەن
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە رووداوی گوت: "410 هەزار و 383 قوتابی ئەمڕۆ لە 1,502 قوتابخانەی حکومی و ناحکومی دەست بە وەرزی نوێی خوێندن دەکەن و هەموو ئامادەکارییەکان بە باشترین شێوە کراون."
گوتیشی: "30 هەزار قوتابی بۆ یەکەمجار ناویان لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتیدا تۆمارکراوە."
لە دهۆک زیاتر لە 426 هەزار قوتابی هەن
لە پارێزگای دهۆکیش خوێندن دەستپێدەکات. سەگڤان حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە 426 هەزار قوتابی لە سنووری پارێزگای دهۆک دەست بە خوێندن دەکەن، لەو ژمارەیەش 32 هەزار قوتابی لە پۆلی یەکی بنەڕەتین و کۆی گشتیی ناوەندەکانی خوێندن لە پارێزگاکە دەگاتە 1,521 قوتابخانەی حکومی و تایبەتی."
لە هەڵەبجە 28 هەزار قوتابی هەن
سەبارەت بە پارێزگای هەڵەبجە، سۆران عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگاکە 28 هەزار قوتابی لە 146 قوتابخانە و باخچەی منداڵان دەست بە ساڵی نوێی خوێندن دەکەن، کە 2,300 قوتابییان لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتین."
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو ئاشکرای کردووە، کە لە کۆی زیاتر لە 1.75 ملیۆن قوتابی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 150 هەزار قوتابی لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی و 20 هەزار منداڵیش لە باخچەی منداڵان ناونووس کراون.
بەگوێرەی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی 2026-2027، وەرزی یەکەمی خوێندن لە رۆژی 20-09-2026 دەستپێدەکات و لە 72 رۆژی خوێندن پێکدێت؛ وەرزی دووەمیش لە رۆژی 03-01-2027 دەستپێدەکات و ماوەکەی 89 رۆژ دەبێت.




