رووداو دیجیتاڵ
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دوای بینینی فیلمی (بەهەشت نابینی، ئەگەر ژن بتکوژێت)، ستایشی قارەمانێتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد و جەختی لەو مەینەتییانە کردەوە کە لە بەرەکانی جەنگدا دەبینرێن.
سەفین دزەیی لە لێدوانێکدا بۆ رووداو گوتی: "یەکێک لەو لایەنانەی کە شاردراوەیە، ژیانی بەرەکانی جەنگ و ئەو مەینەتی و ترس و ماندووبوونەیە کە پێشمەرگە قارەمانەکانمان بینیویانە و هێشتاش دەیبینن. لە کاتێکدا ئێمە لە ماڵەکانی خۆماندا بە ئارامی دەژین، دەبێت بزانین ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە دەستی ئەو قارەمانانەیە و دەبێت هەموو رۆژێک شانازییان پێوە بکەین."
دزەیی ئاماژەی بەوە کرد، "هەرچەندە کۆتایی فیلمەکە ناخۆش بوو، بەڵام ئەوە رەنگدانەوەی واقیعی قوربانیدانی مرۆڤەکانە بۆ ئەوەی کەسانی دیکە بژین."
گوتیشی: "خەڵکی کوردستان زۆر نەهامەتییان بینیوە؛ لە کیمیاباران و هەڵەبجەوە تاوەکو ئەنفالی بارزانییەکان و فەیلییەکان و وێرانکردنی هەزاران گوند. هەر خێزانێک لەم کوردستانە چیرۆکێکی هەیە و هەر چیرۆکێکیش دەکرێت بکرێتە فیلمێکی جیهانی."
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە داوای کرد، کەرتی حکومی و تایبەت بایەخی زیاتر بەم بوارە بدەن "تاوەکو دەنگی کورد و خۆڕاگریی میللەتەکەمان و قارەمانێتیی پێشمەرگەی ژن بە هەموو جیهان بگات."
سەفین دزەیی کە ئاماژەی بەوە کرد، خۆی پێشتر شارەزایی لە بوارەکانی سیناریۆ و دەرهێناندا هەبووە، جەختی کردەوە کە چیدیکە نابێت چیرۆکە مرۆییەکانمان پەراوێز بخرێن. "فیلمەکە پەیامێکی گەورەی مرۆیی گەیاند کاتێک نیشانی دا چۆن کچێک خۆی دەکاتە فیدای خوشکەکەی، ئەمەش بەرزترین قۆناخــی مرۆڤدۆستییە."



