رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک بڕیار و رێنمایی سەبارەت بە گواستنەوەی قوتابیان، ئامادەنەبوون لە پۆل، هەڵسەنگاندنیان و شێوازی تاقیکردنەوەکانی راگەیاند.
بڕیار و رێنماییەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت لە 10ـی ئەیلوولی 2026، پەسەندکراون و تێیاندا هاتووە، گواستنەوەی قوتابییان لە وەرزی یەکەم و دووەمی ساڵی خوێندن تەنیا بۆ 30 رۆژ لە دەستپێکردنی وەرزی خوێندن رێگەپێدراوە.
وەزارەت دەڵێ، ئەگەر قوتابی لە بازنەی یەکەم (پۆلی یەک، دوو، سێ) بۆ 25 رۆژی خوێندن بەبێ مۆڵەت نەچێتە قوتابخانە، ئەوا ئەو ساڵەی خوێندنی بە ساڵی کەوتن بۆ هەژمار دەکرێ.
ئەگەر کۆی رۆژانی ئامادەنەبوونی قوتابی، چ بە مۆڵەت و چ بەبێ مۆڵەت، بگاتە 45 رۆژی خوێندن، ساڵی خوێندنی ئەویش بە ساڵی کەوتن هەژمار دەکرێ.
لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، لە بازنەی یەکەم و پۆلی سێیەم، بەپێی رێنماییەکە، دەبێت بۆ هەموو رۆژێک تاقیکردنەوەی رۆژانە بکرێ.
وەزارەت لە خاڵێکی دیکەدا ئاماژەی بە نمرەی هەڵسەنگاندن کردووە و روونی کردووەتەوە، نمرەی هەڵسەنگاندن نابێت لە 4 نمرە کەمتر بێت بۆ قوتابی کە رۆژانی نەهاتنی نەبێت.
بەپێی بڕیارەکە، ئەنجامەکانی قوتابیان لە کۆتایی ساڵ بەشێوەی هەڵسەنگاندن بۆ هەڵسەنگاندنەکان دەبێ کە بریتین لە نایاب، زۆرباش، باش، ناوەند، پەسەند و دەرچوون بە پێنوینی، بەڵام ئەگەر بڕوانامەکە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەکاردێت، نمرەکان بە شێوەی ژمارە و بە نووسین تۆمار دەکرێن.



