رووداو - رادیۆ مامۆستایان و کەسوکاری خوێندکارانی قوتابخانەی "ئاسۆ" لە گوندی ژاڵەی جەزا جاف لە سنووری سلێمانی رایدەگەیێنن منداڵەکانیان لەنێو کەرەڤانەی کۆندا دەخوێنن و داوای بینای نوێ دەکەن، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانیش هۆکارەکەی بۆ نەبوونی زەویی تاپۆکراو دەگەڕێنێتەوە. ئاسۆ عوسمان، مامۆستا لە قوتابخانەی ئاسۆی بنەڕەتی لە گوندەکە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "نزیکەی 350 خوێندکارمان هەن و لە دوو دەوامدا لە پۆلی یەک تاوەکو نۆ دەخوێنن، بەڵام تەواوی پۆلەکانمان کەرەڤانەی کۆن و شڕن؛ لە وەرزی زستاندا دۆخمان زۆر سەخت دەبێت و سەقفی پۆلەکان دڵۆپە دەکات." ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەدا زیاتر لە 10 ساڵە داوای باڵەخانەی گونجاو دەکەن، " شوێنی قوتابخانەکەمان زۆر خراپە، نزیکین لە کارگەی ریسایکڵینی سلێمانییەوە لە دۆخێکی زۆر ناخۆش و سەختداین و هەرچی داوا دەکەین کەچی ئاوڕمان لێ نادرێتەوە." مامۆستا نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "گوندەکە لەڕووی نەخشەی بنەڕەتییەوە لە دەرەوەی سنووری شارەوانییە و زەوییەکانی تاپۆ نین. لە رابردوودا زۆر هەوڵمان دا زەوییەک بۆ دروستکردنی قوتابخانە تەرخان بکرێت، بەڵام نەکرا؛ ئێستاش لە هەوڵداین لانیکەم لە رێگەی گۆڕینی کابینە و کەرەڤانەکانەوە چارەسەرێکی کاتی بۆ کێشەکە بدۆزینەوە." لەلایەکی دیکەوە، دامەزراوە خێرخوازییەکان هاوکاریی کەرتی پەروەردە دەکەن بۆ کەمکردنەوەی کەموکوڕییەکان. محەممەد عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکان لە دامەزراوەی "ئانزو فاوندەیشن"، بە رادیۆی رووداوی گوت: "لە ئابی 2022ـەوە تاوەکو ئێستا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پەروەردە، زیاتر لە 300 قوتابخانەمان لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین نۆژەنکردووەتەوە و زیاد لە 7 هەزار و 150 کورسیی خوێندکارانمان چاککردووەتەوە." سەبارەت بە قوتابخانەی ئاسۆش لە ژاڵە، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی ئانزو گوتی: "لەگەڵ پەروەردە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی قوتابخانەکە دەکەین بۆ ئەوەی بزانین چی لە تواناماندایە بۆیان بکەین."
هەواڵە ناوخۆییەکان22-09-2026لە ئاکرێ و دەوروبەری زیاتر لە 2000 مووچەخۆر لەسەر یەک ئامێری ATMـی بانکی بەغدادن
هەواڵە ناوخۆییەکان21-09-2026نوێنەرانی خۆپێشاندەرانی پێنجوێن: دژی پڕۆژەی رووناکی نین و داوای داشکاندن دەکەین