رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی چەمچەماڵ رایگەیاند، لە سنووری قەزاکە 18 بیری ئاو بۆ ناحیەکانی سنوورەکە خراونەتە کار. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، ئەو بیرانە گوشار لەسەر ئاوی قەزای چەمچەماڵ کەم دەکاتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لەسەر بودجەی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژاندنەوەی قەزای چەمچەماڵ بە بڕی 48 ملیۆن دینار 18 بیرەکە لەم ناوچانە خراونەتە کار:
- هەشت بیر لە ناحیەی تەکیەی کاکەمەند.
- شەش بیر لە ناحیەی شۆڕش.
- سێ بیر لە یەکەی ئاوی کانی شەیتان.
- یەک بیر لە ناحیەی شوان.
زیاد جاندار، بەڕێوەبەری ئاوی چەمچەماڵ، ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەکارخستنی بەشێکی ئەو بیرانە بوونە هۆکاری کەمبوونەوەی گوشار لە ئاوی سەنتەری قەزای چەمچەماڵ".
چەمچەماڵ کەمئاوترین قەزای هەرێمی کوردستانە و لە هاویندا پێدانی ئاو بە ماڵان گەیشتە 15 رۆژ جارێک. بەڕێوەبەری ئاو گوتی: "دوای کارکردنی ئەو بیرانە ئێستا دۆخەکە باشترە و هەشت رۆژ جارێک ئاو دەدرێتە ماڵان".
زیاتر لە 10 ساڵە سنووری قەزای چەمچەماڵ کێشەی کەمئاویی هەیە، بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە 26ی حوزەیرانی 2024 نووسراوی کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە کرا و 30ی هەمان مانگ کارکردن تێیدا دەستی پێکرد، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە نێوەڕاستی مانگی ئایار کارکردن بۆ ماوەیەک تێیدا وەستا و دواتر دەستی پێکردەوە.
پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ نزیکەی 50%ی کارەکانی تەواو کراوە. زیاد جاندار گوتی، کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ بەردەوامە و نەوەستاوە، ئەگەر کارکردن بەردەوام بێت بۆ ساڵی داهاتوو تەواو دەکرێت.



