رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ نۆ رۆژە هونەرمەندی میللی نووری گەرمیانی لە شاری هەولێر دەستگیر کراوە و چەند جارێک دادوەر رەتی کردووەتەوە بە دانانی دەستەبەر (کەفالەت) ئازادی بکات، پارێزەرێکی نووری گەرمیانی دەڵێت، "ئەگەر هەیە ئەمڕۆ ئازاد بکرێت".
ئاسۆ هاشم، پارێزەری راوێژکار و یەکێک لە پارێزەرانی دۆسیەی نووری گەرمیانی، ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ داوای ئازادکردنی هونەرمەند نووری گەرمیانی دەکەین، پێمانوایە ئەمڕۆ دادوەر بە دەستەبەر ئازادی بکات، بەڵام دواجاریش بڕیاری لای دادوەرە".
14ی ئەم مانگە، گۆرانیبێژی میللی نووری گەرمیانی لە شاری هەولێر دەستگیر کرا، دوای دەستگیرکردنەکەی بەرپرسێکی باڵا بە رووداوی گوت: "نووری گەرمیانی بە فەرمانی دادوەر و بەگوێرەی یاسا دەستگیر کراوە بە مادەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن".
بە گوتەی ئاسۆ هاشم، راگیرانی نووری گەرمیانی تاوەکو ئەمڕۆ بەو هۆیەیە، کە دادوەر دەڵێت، "دۆسیەکە نهێنییە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، نووری گەرمیانی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیر کراوە و لە زیندانی پۆلیس راگیراوە.
نوورەدین عوسمان، ناسراو بە نووری گەرمیانی لە ساڵی 1969 لە شاری کەرکووک لەدایک بووە، تاوەکو پۆلی 6ی سەرەتایی خوێندووە، لە ساڵی 1984 یەکەم کلیپی گۆرانی و لە ساڵی 1989شدا یەکەم ئەلبوومی بڵاو کردووەتەوە، کارمەندی بەشی توێژینەوەی گۆرانی و میوزیکە لە بەڕێوەبەرایەتیی هونەری میوزیک لە هەولێر.
نووری گەرمیانی، لە ساڵی 2021 وەکو ئەندامی مەڵبەندی سێی یەکێتی و راوێژکاری هونەریی مەڵبەندەکە دەستبەکار بووە.



