رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی هاوپەیمانیی 19 کە سەنتەری میترۆ بۆ ئازادیی رادەربڕین سەرپەرشتی دەکات رایگەیاند، لە قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی، بە "زەبروزەنگ" بڵاوە بە خۆپێشاندان کراوە. رێکخەری تۆڕەکە دەڵێت، "هێزەکە هەر کەسێکی دەستکەوتووە، دەستگیری کردووە".
تۆڕی هاوپەیمانیی 19 لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئەیلوولی 2026 رایگەیاند: "داوا دەکەین، هەموو ئەوانەی لە پێنجوێن دەستگیرکراون ئازاد بکرێن".
شایی ئاسۆ، رێکخەری تۆڕی هاوپەیمانیی 19 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سێ رۆژە چاودێریی خۆپێشاندانەکە دەکەین، هیچ کێشەیان نەبووە و بە هێمنی خۆپێشاندانیان کردووە، نە کێشەی ئەمنییان دروست کردووە نە تووندوتیژییان کردووە".
رێکخەری تۆڕی هاوپەیمانی 19 ئاماژەی بەوەکرد: "هیچ یاسایی نییە بەسەر دەستوور و یاسای خۆپێشانداندا باز بدەن و هەرچییان دەست کەوت دەستگیری بکەن، وەکو ئەوەی لە پێنجوێن کراوە و خەڵکیان دەستگیر کردووە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ناڕەزاییەکە بەرامبەر نرخی کارەبا بووە و لەسەر شەقامی ملەکەوە گردبوونەتەوە و خێوەتیان هەڵداوە، لە ماوەی چالاکییەکەیاندا بە شەو و رۆژ سەدان هاووڵاتی کە زۆربەیان گەنج بوون سەردانیان دەکردن و چالاکیی هونەرییان پێشکێش دەکرد".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی ئەمنی لە سێ لاوە، لە شەقامی سەیدسادق، باشماخ و ملەکەوە گەمارۆی خۆپێشاندەرانیان دا و بە زەبری هێز بڵاوەیان پێ کردن و ژمارەیەکیان لێ دەستگیر کردن و خێوەتەکەیانیان سووتاند".
رووداو چەند جارێک پەیوەندیی بە قایمقامی پێنجوێنەوە کرد، کە دەسەڵاتداری یەکەمی قەزاکەیە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.
لە راگەیێندراوەکەی هاوپەیمانیی 19دا ئاماژە بەوە کراوە، "هەر کەسێک لەو شوێنە بووە هێزە ئەمنییەکە دەستگیری کردووە، لەوانەش ئەو مێرمنداڵانەی فرۆشیار بوون و پەیوەندییان بە خۆپێشاندانەکەوە نەبووە".
بەگوێرەی هاوپەیمانیی 19، بەشێک لە هێزەکە لە شوێنی خۆپێشاندانەکە ماونەتەوە. ئاماژە بەوەش کراوە، "دەستووری عێراق و یاسای رێکخستنی خۆپێشاندانی هەرێمی کوردستان مافی خۆپێشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزاییان زامن کردووە بۆ هاووڵاتییان".
بەختیار عەلی، یەکێک لە نوێنەرانی خۆپێشاندەرانی پێنجوێن، شەوی رابردوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە دژی پڕۆژەی رووناکی نین، بەڵکو داوا دەکەین رەچاوی باری دارایی خەڵک و هەڵکەوتەی جوگرافیی سنوورەکەمان بکرێت و داشکاندنمان بۆ بکرێت، چونکە پێنجوێن ناوچەیەکی کوێستانی و زۆر ساردە".
بەختیار عەلی گوتی: "داواکاریی ئێمە ئەوەیە کیلۆواتمان بە 30 یاخود 40 دینار بۆ هەژمار بکرێت. پێشتریش سەردانی نووسینگەی پەرلەمان و بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانیمان کردووە و یاداشتێکی حەوت خاڵیمان پێشکێش کردووە بۆ ئەوەی چارەسەرێکی گونجاو بدۆزرێتەوە، بەڵام بێ ئەنجام بوو بۆیە دووبارە دەستمان بە خۆپێشاندان کردووەتەوە؛ ئێستاش تیمەکان خەریکی بەستنی پڕۆژەی رووناکین".
وەکو لە پێناسەی رێکخراوەکەدا هاتووە: "تۆڕی هاوپەیمانیی 19 کۆمەڵێک رێکخراو و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دایانمەزراندووە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەکات، داکۆکی لە پرەنسیپەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی تایبەت بە ماف و ئازادییەکان دەکات، بەتایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەکە".



