رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 2000 مامۆستای ئایینیی خۆبەخش لە هەرێمی کوردستان داوا دەکەن هاوشێوەی وانەبێژان بکرێنە فەرمانبەری گرێبەست، وەزارەتی ئەوقافیش دەڵێت، چاوەڕێی پەسندکردنی بودجەی گشتین تاوەکو میلاکیان بۆ تەرخان بکرێت.
مامۆستا یوسف، مامۆستای ئایینیی خۆبەخش بە رادیۆی رووداوی گوت، "سەدان مامۆستای ئایینی هەن ماوەی 10 بۆ 15 ساڵە بە شێوەی خۆبەخش لە مزگەوتەکاندا خزمەت دەکەن. لە ساڵی 2023وە تەنیا بۆ 1,500 مامۆستا دەرماڵەی مانگانەی 250 هەزار دینار دانراوە، کە لە کاتی خۆیشیدا نادرێت و بەشی بژێویی ژیان ناکات، بە جۆرێک زۆربەمان ناچارین کرێکاری بکەین."
ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیری ئەوقاف بەڵێنی پێدابوون چارەنووسیان وەک مامۆستایانی وانەبێژی پەروەردە یەکلا بکرێتەوە، بۆیە داوا دەکەن لەگەڵ بودجەی نوێدا بڕیاری بەگرێبەستبوونیان دەربچێت.
لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 1800 مامۆستای ئایینی هەن، کە بە شێوەی خۆبەخش گوتاربێژ یان پێشنوێژن لە مزگەوتەکاندا.
فارس جەوهەر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئاگاداری داواکارییەکانیانین."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی دامەزراندنیان، فارس جەوهەر روونیکردەوە، بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران دامەزراندنی نوێ و گرێبەست راگیراوە و بەستراوەتەوە بە پەسندکردنی بودجەی گشتی و گوتی، "لە هەوڵی بەردەوامداین و چاوەڕێی تەرخانکردنی میلاک و شایستە داراییەکانین لە پڕۆژەیاسای بودجەدا لەلایەن بەغداوە، هەر دەرفەتێک هەبێت درێخی ناکەین بۆ ئەوەی سەرجەمیان بکرێنە گرێبەست."



