رووداو دیجیتاڵ
شۆفێرانی بارهەڵگر لە بازگەی دێگەڵە گلەیی لە دروستبوونی قەرەباڵخی و راگرتنیان دەکەن کە هەندێکجار، بە گوتەی ئەوان، "تاوەکو 10 کاژێر دەخایێنێت" و دەڵێن، بەهۆی گەرما و سستیی پشکنینەکانەوە سەوزە و میوەکانیان تێکدەچن و زیانیان پێدەگات.
شۆفێران ئاماژە بەوە دەکەن، رۆژانە بەرهەمی کشتوکاڵی، بەتایبەت تەماتە، پیاز و میوە لە سنووری سلێمانی، تەقتەق و قەڵادزێوە دەبەنە هەولێر، بەڵام بەهۆی رێکارەکانەوە نۆرەیەکی درێژ لە بازگەی دێگەڵە دروست دەبێت؛ دۆخەکە بە جۆرێکە کە کاتێک بازگە لە کاژێر 12:00ی شەوەوە تاوەکو 07:00ی بەیانی دادەخرێت، ناچار دەبن لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیاندا بمێننەوە.
شۆفێرێکی بارهەڵگر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "لە کاژێر 07:00 یان 08:00ی ئێوارەوە دەگەینە بازگەکە، کاتێک دەبێتە 12:00ی شەو بازگە دادەخرێت و تاوەکو بەیانی دەمێنینەوە. من باری پیازم لە عەلوەی سلێمانی بارکردووە، بەهۆی گەرما و مانەوەی زۆرەوە بارەکەم بەرەو تێکچوون چووە و نزیکەی چوار ملیۆن دینار زەرەرم کردووە، چونکە پارەکە لە گیرفانی خۆمان دەڕوات."
هەروەها شۆفێران باس لە زۆریی تێچووی پشکنینەکان دەکەن و دەڵێن، "هەر بارهەڵگرێک بڕی 25 هەزار دینار بۆ پشکنینی سۆنەر دەدات و پاشانیش بۆ داگرتن و بارکردنەوەی بەشێک لە بارەکە بە مەبەستی پشکنینی دەستی، 15 هەزار دیناری دیکە دەدەنە کرێکارەکان، بەمەش تێچووی هەر ئۆتۆمبێلێک لەنێوان 25 بۆ 40 هەزار دینار دەکەوێت."
گلەیی سەرەکیی شۆفێران لەوەیە، لەکاتی پشکنیندا رەچاوی جۆری ئەو سەوزە و میوانە ناکرێت کە زوو خراپ دەبن و زۆر لەنێو گەرمادا دەمێننەوە.
تۆڕی میدیایی رووداو بۆ وەرگرتنی روونکردنەوە چەندین جار پەیوەندیی بە کۆمپانیای بەرپرسی ئامێری سۆنەرەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوون لێدوان بدەن. لە بەرامبەردا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند، بەدواداچوون بۆ کێشە و داواکاریی شۆفێران لە بازگەی دێگەڵە دەکەن.



