رووداو دیجیتاڵ
نەبوونی هێمای پەڕینەوە و تاسەی خاوکەرەوەی خێرایی لەسەر شەقامی سەرەکیی قەزای بنەسڵاوە لە پارێزگای هەولێر، مەترسییەکی بەردەوامی لەسەر ژیانی سەدان قوتابیی دوو قوتابخانە دروستکردووە و کەسوکاریان داوای چارەسەری بەپەلە دەکەن.
شەقامەکە جووتسایدە و دەکەوێتە بەردەم هەردوو قوتابخانەی (قانعی بنەڕەتی و 1ی شوبات) لەنزیک مزگەوتی حاجی حوسێن سەقزیلی و نەخۆشخانەی کۆنی بنەسڵاوە. لەکاتی دەستپێکردن و تەواوبوونی دەوامدا، سەدان منداڵ ناچار دەبن لەم شەقامە قەرەباڵخەدا بپەڕنەوە، ئەمەش بەهۆی تیژڕۆیی شۆفێرانەوە دڵەڕاوکێیەکی زۆری بۆ خێزانەکانیان دروستکردووە.
سامان رەشید، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی بنەسڵاوە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "بەپەلە پێویستمان بە دانانی تاسەیە لەبەردەم قوتابخانەکان؛ بەهۆی خێرایی زۆری ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلەوە، لە رابردوودا چەندین جار قوتابی لەم شەقامەدا شێلدراوە و بریندار بووە. دەمانەوێت پێش ئەوەی کارەساتی دڵتەزێن رووبدات، تاسە و هێمای پەڕینەوە دابنرێن."
هاووڵاتییان و مامۆستایانی ناوچەکە هۆشداری دەدەن، زۆربەی قوتابییەکان تەمەنیان منداڵە و ناتوانن بە تەنیا و بە سەلامەتی لەم شەقامە پانە بپەڕنەوە، بۆیە نەبوونی رێکاری هاتووچۆ مەترسیی رووداوەکانی زیاتر کردووە.
تۆڕی میدیایی رووداو ئەو کێشەیەی گەیاندە لایەنی پەیوەندیداری سنوورەکە. جوان رەفیق، قایمقامی قەزای بنەسڵاوە گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ هاووڵاتییەک بە فەرمی داواکاریی پێشکێش نەکردووین، بەڵام لەسەر بنەمای بەدواداچوونەکەی رووداو، دەستبەجێ لەگەڵ هاتووچۆ و سەرۆکایەتیی شارەوانی قسە دەکەم و تیم دەنێرین بۆ شوێنەکە، تاوەکو بە زووترین کات رێکبخرێتەوە و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە."



