رووداو دیجیتاڵ
پێشمەرگەیەکی نەخۆش و برینداری خەڵکی باڵەکایەتی دەڵێت، بەهۆی "رێگریکردن لە کاروانی بەڕێوەبەری هاتووچۆ" ئۆتۆمبێلەکەی دەستی بەسەردا گیراوە و داوای زیاتر لە 1.6 ملیۆن دیناری لێدەکرێت، لەبەرامبەردا هاتووچۆی هەولێر ئەو بانگەشەیە رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت ئۆتۆمبێلەکە بێسەرەتا بووە و سەرپێچیی کامێرای لەسەرە.
ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری شێڤرۆلێت ئەڤیۆ مۆدێل 2007ـە بە تابلۆی (66714 – تصدیر سوریا)؛ رۆژی 7ـی ئەیلوولی 2026 لە نزیک بەستۆڕە لەرێگەی هەولێر - پیرمام دەستی بەسەردا گیراوە.
رێبین محەممەد، پێشمەرگە لە هێزەکانی پشتیوانیی یەک، بە رووداوی راگەیاند: "بەرەو پرسەیەک دەچووم، دوو ئۆتۆمبێلی لاندکرۆزەر لە دواوەم بوون، لە بازگەیەکی قەزای پیرمام راگیرام و گوتیان رێگەت لە بەڕێوەبەری هاتووچۆ گرتووە."
ئەو پێشمەرگەیە گوتی: "15 رۆژە ئۆتۆمبێلەکەم دەستی بەسەردا گیراوە و داوای ملیۆنێک و 617 هەزار دینارم لێدەکەن، لەکاتێکدا من پێشمەرگەیەکی کەمئەندامم، کێشەی گورچیلەم هەیە، چوار منداڵم هەیە و شەش ملیۆن دیناریش قەرزارم؛ رۆژانە بەکرێ هاتووچۆ دەکەم بۆ شۆردنی گورچیلە و ژیانم لە دۆخێکی زۆر سەختدایە."
هاتووچۆ: ئۆتۆمبێلەکە بێسەرەتایە
عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، رەتیکردەوە دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکە پەیوەندیی بە کەسەوە هەبووبێت و گوتی: "ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە، بەڕێوەبەری هاتووچۆ لەوێ نەبووە بەڵکو من خۆم لەوێ بووم و دەستم بەسەردا گرتووە. بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ هەیە کە دەستبەسەر هەموو ئۆتۆمبێلێکی بێسەرەتا و بێژمارەدا بگیرێت."
سەبارەت بە بڕی پارەکەش، گوتەبێژی هاتووچۆ روونیکردەوە: "سزای لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا بەپێی یاسا ملیۆنێک دینارە، بەڵام بەداشکاندنەکەی سەرۆکی حکومەت کراوەتە 800 هەزار دینار. پارەکەی دیکە بریتییە لە سزای سەرپێچییەکانی کامێرا کە لەپێشتردا کردوونی؛ دوای پاکتاوکردنیش دەبێت ئۆتۆمبێلەکە لە سنووری پارێزگای هەولێر ببرێتە دەرەوە."
.jpg&w=3840&q=75)


.jpeg&w=3840&q=75)