رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ گەنجێک لە حەوزێکی ماسیدا لە سنووری هەولێر خنکا. گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دەڵێت، تەرمەکەیان لە حەوزەکەدا دەرهێناوە.
عەقید شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، چوارشەممە 23ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گەنجێک بە ناوی عەلی محەممەد، لەدایکبووی ساڵی 2005 لە حەوزێکی ماسیدا لە گوندی قۆریتان خنکاوە".
گەنجەکە لە نەتەوەی عەرەبە و خەڵکی ناحیەی گەیارەیە لە پارێزگای نەینەوا. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی، گەنجەکە لەو پڕۆژەیەی ماسی کاری کردووە و لە کاتی پێدانی خواردن بە ماسییەکان کەوتووەتە حەوزەکە و خنکاوە.
عەقید شاخەوان ئاماژەی بەوە کرد، نزیک کاژێر 04:00ی ئێوارە لە رووداوەکە ئاگادار کراونەتەوە و بە کەمتر لە کاژێرێک تەرمەکەیان دەرهێناوە.
بۆ رێکارە یاسایی و پزیشکییەکان، تەرمەکە رەوانەی دادپزیشکیی هەولێر کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)