رووداو دیجیتاڵ
لەماوەی کەمتر لە 12 کاژێر و لەدوو رووداوی جیاواز دا لەقەڵادزێ و ئاخجەلەر دوو هاونیشتمانی بەتەزووی کارەباوە گیانیان لەدەستدا.
رۆژی هەینی، 25ـی ئەیلوولی 2026، راستی زوودی، بەرپرسی فریاکەوتنی قەڵادزێ لەئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لەپارێزگای سلێمانی بەرووداوی گوت: "ئێوارەی ئەمڕۆ لەکاتی کارکردن لەخانوویەک دا لەژاراوە، وەستایەک بەتەزووی کارەبا گیانی لەدەستدا."
هاونیشتمانییەکە ناوی راستی ئەحمەدە و تەمەنی 36 ساڵ بووە. بەگوتەی فریاکەوتنی قەڵادزێ، پێش گەیشتنی بەنەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
بەرپرسی فریاکەوتنی قەڵادزێ دەڵێت، هاونیشتمانییەکە لەکاتی چەمچەکردنی بەشی سەرەوەی خانووەکە چەمچەکەی بەر هێڵی گشتیی کارەبا کەوتووە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
هەر ئەمڕۆ، هێمن نامیق، بەڕێوەبەری پێشووی ناحیەی ئاخجەلەر لەپارێزگای سلێمانی بەرووداوی راگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ هاونیشتمانییەک بەناوی سۆران لوقمان لەکاتی دەستکاریکردنی کارەبا لەنێو ماڵی خۆی دا لەگوندی مۆتلیجا لەناحیەی ئاخجەلەر گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە."
.jpg&w=3840&q=75)

