رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بەمانگی رابردوو، نرخی کیلۆیەک گۆشتی ئاژەڵی بچووک لەهەولێر دوو هەزار دینار دابەزیوە. بەڕێوەبەری کوشتارگەی سلێمانیش دەڵێت، لای ئەوان نرخەکە وەک خۆیەتی و تەنیا نرخی زیندەقەپان دابەزیوە.
رۆژی شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی نوێی هەولێر بەرووداوی گوت: "نرخی گۆشتی ئاژەڵی بچووک بەراورد بەمانگی رابردوو دوو هەزار دابەزیوە، واتە کیلۆیەک گۆشتی سوور لە 25 هەزار دینارەوە بۆ 23 هەزار دابەزیوە."
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، مانگی رابردوو نرخی کیلۆیەک رانی بەرخ، مەڕ و بزن گەیشتە 26 هەزار بۆ 27 هەزار دینار، بەڵام ئێستا نرخەکەی دوو هەزار دابەزیوە و بە 24 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
سەبارەت بەنرخی ئاژەڵی گەورە، هەڵمەت عەلی روونیکردەوە نرخی گۆشت لەئاژەڵی گەورە دا نەگۆڕاوە و ئاماژەی بەوەش کرد، هاونیشتمانییان زیاتر خواستیان لەسەر گۆشتی ئاژەڵی گەورەیە، بەوپێیەی لەکاتی لێنانی دا زیاتر دەمێنێتەوە و چەوری کەمترە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، نرخی کیلۆیەک گۆشتی ئاژەڵی بچووک لەهەولێر بەزیندەقەپان دابەزیوە بۆ کەمتر لە 8 هەزار و 500 دینار، لەکاتێک دا مانگی رابردوو نرخەکەی 9 هەزار و 500 دینار بوو.
ئەوەی کە پەیوەندی بەسلێمانییەوە هەیە، ئەمڕۆ شەممە، جەمال حوسێن، بەرپرسی سامانی ئاژەڵ لەسلێمانی بەرووداوی گوت: "نرخی ئاژەڵی گەورە و بچووک بەزیندەقەپان 500 بۆ 750 دینار دابەزیوە، بەڵام نرخی گۆشت لای گۆشتفرۆشەکان وەک خۆیەتی و نەگۆڕاوە."
سەبارەت بەوەی نرخەکەی لەدەرەوەی شار هەرزانترە، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ گوتی، گۆشتفرۆشەکانی دەرەوەی شار ئاژەڵەکان هی خۆیانە و خۆشیان سەری دەبڕن؛ بۆیە دەتوانن بەدوو هەزار بۆ سێ هەزار دینار کەمتر لەنێوشار بیفرۆشن.
نرخی کیلۆیەک گۆشتی ئاژەڵی بچووک (مەڕ و بزن و بەرخ) لەسلێمانی 25 هەزار بۆ 26 هەزار دینارە.
نرخی کیلۆیەک گۆشتی ئاژەڵی گەورە (گوێرەکە و مانگا) لەسلێمانی 22 بۆ 23 هەزار دینارە.

.jpeg&w=3840&q=75)

