رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ بڕیاری راگرتنی خوێندنی پۆلی حەوت لە قوتابخانەی (قەرەقۆینلووی تورکمانی) لە شاری هەولێر دراوە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی تورکمانیش دەڵێ، بڕیارە ساڵی داهاتوو بە هەمان شێوە پۆلەکانی هەشت و نۆش لە قوتابخانەکە دابخرێن، بە مەبەستی ئەوەی باڵەخانەکە تەنیا بۆ باخچەی منداڵان و قۆناخی بنەڕەتی بمێنێتەوە.
لەگەڵ دەستپێکی خوێندنی ئەم ساڵ، پۆلی حەوت لە قوتابخانەی (قەرەقۆینلووی تورکمانی) لە شاری هەولێر داخرا و ئەمەش دڵگرانی دایک و باوکی قوتابییانی لێکەتووە. رووداو بەداواداچوونی بۆ بابەتەکە کرد.
رۆژی شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، سەباح بەننا، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی تورکمانی لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قوتابخانەکە داناخرێت، بەڵکو نەخشە و دیزاینی سەرەکیی باڵەخانەکە لە بنەڕەتدا تەنیا بۆ قۆناخی باخچەی منداڵان و پۆلی سفر تاوەکو شەشی خوێندنی بنەڕەتی دروستکراوە، بەڵام پێشتر بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەو بینایەدا پۆلەکانی حەوت، هەشت و نۆی قۆناخی ناوەندی بۆ کچانیش کرابوونەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی تورکمانی بە درێژی باسی لە گرنگیی پۆلی سفر لە سیستەمی پەروەردەی تورکمانیدا کرد و گوتی: "لە سیستەمی ئێمەدا قوتابی و منداڵانی تەمەن پێنج ساڵان لە پۆلی سفر وەردەگیرێن؛ ئەم پۆلە وەک قۆناخێکی ئامادەکاریی سەرەکییە بۆ ئەوەی منداڵ پێش ئەوەی بچێتە پۆلی یەکی سەرەتایی، بە باشی لەسەر فێربوون و ژینگەی قوتابخانە رابهێنرێت و ئامادە بکرێت. لەو باڵەخانەیەدا منداڵانی تەمەن چوار و پێنج ساڵان دەخوێنن و گرنگییەکی تایبەتی پێدەدرێت."
سەباح بەننا لەبارەی هۆکاری سەرەکیی داخستنی پۆلی حەوتی و قۆناخی ناوەندی لەو قوتابخانەیە گوتی: "تێکەڵکردنی قۆناخی ناوەندی (پۆلەکانی حەوت، هەشت و نۆ) لەگەڵ منداڵانی تەمەن چوار بۆ پێنج ساڵان و بنەڕەتی لە یەک باڵەخانەدا، لە رووی سەلامەتی، رەوشی تەندروستی و گونجاوی ژینگەی پەروەردەییەوە گرفتێکی زۆری دروستکردبوو، چونکە بیناکە توانای لەخۆگرتنی هەموو ئەو قۆناخە جیاوازانەی نییە، لە هەمان کاتیشدا کێشەی کەمیی میلاکی مامۆستایانمان هەیە."
بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی تورکمانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر بینایەکی دیکەی دەوڵەتی یان بینایەکی پەسندکراو و رێگەپێدراو لەبەردەستدا بووایە کە شیاو بێت، هەوڵ بۆ جیاکردنەوەی قۆناخەکان دەدرا، بەڵام بەهۆی نەبوونی بینای گونجاو، ناچار بووین بڕیار بدەین ئەم ساڵ پۆلی حەوتی دابخرێت و ساڵی داهاتووش پۆلەکانی هەشت و نۆ دابخرێن تاوەکو قوتابخانەکە بە تەواوەتی بگەڕێتەوە سەر پێکهاتە سەرەکییەکەی خۆی کە تەنیا پۆلی سفر و خوێندنی سەرەتاییە لە پۆلی یەک تاوەکو شەش.
لە هەرێمی کوردستان 19 قوتابخانەی تورکمانی هەن؛ 15 لە هەولێر، سێ لە کفری و یەک لە سلێمانی. لە کوردستان زمانەکانی تورکمانی، سریانی و ئەرمەنی بە فەرمی ناسێندراون و مافی فێرکردن و بەکارهێنانی ئەو زمانانە دەستەبەر کراوە
.jpeg&w=3840&q=75)



