رووداو دیجیتاڵ
بەشی مۆڵەتی هاتووچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێرانی تاکسی دەکات لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، دوای سەردانی لیژنەی پزیشکی سەردانی بەرێوەبەرایەتیی بەڵگە و تاوان بکەن و ئەستۆپاکی خۆیان بهێنن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27 ئەیلوولی 2026، بەشی مۆڵەتی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، پێویستە شۆفێرانی تاکسی بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان، سەردانی لیژنەی پزیشکی بکەن و دواتر سەردانی ئێمە بکەن بۆ ئەوەی نووسراویان بدەینێ بۆ بەڕێوبەرایەتیی بەڵگەکانی تاوان بۆ هێنانی ئەستۆ پاکی.
سەبارەت بەو شۆفێرانەی مۆڵەتی تاکسییان نییە و داوای دەکەن، هاتووچۆی سلێمانی دەڵێ، مۆڵەتەکە تایبەت بێت یان گشتی، پێویستە سەرەتا لە بەشی مۆڵەتەوە نووسراویان بۆ بکرێت بۆ لیژنەی پزیشکی بۆ دڵنیابوون لە شیاوییان بۆ وەرگرتنی مۆڵەت.
بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەم بڕیارە لەسەر داوا و رێنمایی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، کە دەبێت هەر کەسێک مۆڵەتی شۆفێری تەکسی وەربگرێت پێشتر ئەستۆپاکی بهێنێت."
لە بەشێکی راگیێنراوەکەدا هاتووە، ئەو هاونیشمانییانەی دەیانەوێ مۆڵەتی شۆفێری ماتۆڕسکیل وەربگرن، دەبێ ئەوانیش سەردانی لیژنەی پزیشکی بکەن، دواین رێککەوتیش بۆ پڕکرنەوەی فۆڕمی پێدانی مۆڵەتی ماتۆڕسکیل تاوەکو 10ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ دەبێت.



