رووداو دیجیتاڵ
دوای چوار رۆژ لە ونبوونی لە سنووری قەزای ئاکرێ، کچێکی تەمەن 20 ساڵ بە زیندوویی دۆزرایەوە و بەهۆی برسێتی و ماندووبوونەوە بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە.
رۆژی یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، ئەحمەد سلێمان، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە لە سنووری قەزای ئاکرێ بە رووداوی گوت: "بەپێی قسەی کەسوکارەکەی، کچەکە لەگەڵ دایکی و کەسێکی دیکەی ماڵەوە بۆ کشتوکاڵ چووبوونە گوندی (کادانا) کە گوندێکی چۆڵە و ئاوەدانی لێ نییە. لەوێ نێردراوە بۆ هێنانی پێداویستییەک، بەڵام نەگەڕاوەتەوە و بزر بووە، بەو شێوەیە بۆ ماوەی چەند رۆژێک بێ نان و ئاو ماوەتەوە."
بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە سەبارەت بە دۆزینەوەی ئاماژەی بەوە کرد، کچەکە لە دەشتێکی دوور لە نێوان هەردوو گوندی (چاربۆتێ( و (گورگاوە) دۆزراوەتەوە کە لە یەک سنووردان بەڵام لە یەکدی دوورن، گوتیشی: "جەستەی کچەکە هیچ شوێنەوارێکی برینداریی پێوە نەبووە، تەنیا بەهۆی برسێتییەوە بێهێز ببوو، سەرەتا براوەتە نەخۆشخانە و دواتریش گەیێندراوەتەوە ماڵەوە."
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کچەکە ناوی (شرین یاسین)ـە و تەمەنی 20 ساڵە، لە رۆژی پێنجشەممەوە لە سنووری ناحیەی دینارتە بێسەروشوێن ببوو.
بە گوتەی سەرچاوەکەی ئاسایش، بەهۆی ئەوەی چەند رۆژ بوو بێ ئاو و نان مابووەوە، تەندروستی کەمێک تێکچووبوو، بۆیە دەستبەجێ بە مەبەستی پشکنین و چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانە کرا.
کەسوکارەکەی دەڵێن، شرین کێشەی بیستنی هەیە و ئامێری گوێبیست بەکاردەهێنێت، هەروەها لە ماڵەوە یاخود لە دەرەوە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کەس نەبووە. لە رۆژی پێنجشەممەوە لەگەڵ دیارنەمانی، هێزە ئەمنییەکان و هاوونیشتمانییانی دەڤەرەکە بەردەوام لە گەڕاندا بوون تاوەکو دواجار بە سەلامەتی دۆزرایەوە.




