رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی خانزاد (بەستەپیازە)ـی شاری هەولێر، لەنێو خانوویەکی یەک ژووری و کۆندا، محەممەدی تەمەن 13 ساڵان، کە 100% ئۆتیزمە، شەو و رۆژ بە پەتێکەوە بەستراوەتەوە. چیرۆکی محەممەد، تاقانەی شەش خوشک، تەنیا چیرۆکی نەخۆشییەک نییە، بەڵکو چیرۆکی هەژاری، نەبوونی و ئازارێکی قووڵی خێزانێکە کە لەنێوان بژێوی ژیان و چارەسەری کوڕەکەیاندا گیری خواردووە.
تاریق هاشم، باوکی محەممەد، پیاوێکی تەمەن 45 ساڵانە و لە ساڵی 2007ـەوە کاری حەمباڵی دەکات. رۆژانە بە عەرەبانە بچووکەکەیەوە لە گەڕەکی بەستەپیازەوە رێگەی بازاڕ دەگرێتەبەر، بەو هیوایەی بژێوی ژیانی 9 کەسی خێزانەکەی دابین بکات.
تاریق، کە خۆیشی بەدەست نەخۆشیی گورچیلەوە دەناڵێنێت، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "رۆژانە بە نزیکەی 10 هەزار دینار کار دەکەم، رۆژیش هەبووە بە دەستی بەتاڵ گەڕاومەتەوە ماڵەوە."
ئەم خێزانە لە خانوویەکی 100 مەتریدا دەژین کە دوو ساڵ لەمەوبەر بە قەرز کڕیویانە و هێشتا 20 ملیۆن دینار قەرزارن. خانووەکە کۆنە و لە زستاناندا دڵۆپە دەکات، بەڵام تاریق توانای چاککردنەوەی نییە. لەم بارودۆخە سەختەدا، خەمی سەرەکیی تاریق و هاوژینەکەی، محەممەدی کوڕیانە.
تاریق هاشم دەڵێ: "بەردەوام محەممەدی کوڕم دەبەستینەوە، چونکە دەست دەوەشێنێت، شت دەشکێنێت و ئەگەر بیکەینەوە رادەکات و ناگەڕێتەوە. چەند جارێک ون بووە و بە زەحمەت دۆزیومانەتەوە."
محەممەد، لە تەمەنی دوو ساڵییەوە نیشانەکانی ئۆتیزمی لێدەرکەوتووە، قسە ناکات و پێویستی بە چاودێریی بەردەوام و دایبییە. چارەسەرەکەی بریتییە لە دەرمانی هێورکەرەوە کە نرخی یەک شرووبی بۆ ماوەی هەفتەیەک 25 هەزار دینارە، بەڵام خێزانەکەی زۆرجار توانای کڕینیان نییە. باوکی دەڵێت، "ئەگەر دەرمانەکانی نەخوات، دۆخی زۆر خراپ دەبێت و سەری خۆی لە دیوار دەدات."
سەرەڕای ئەوەی ناوی محەممەد لە لیژنەی پزیشکی تۆمارکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی کەمئەندامیی بۆ نەبڕاوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە باوکی مانگانە 300 هەزار دینار تەنیا بۆ کرێی هاتووچۆی شەش کچە قوتابییەکەی دەدات.
شێخ محەممەد گەزنەیی، بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی هەولێر، لە (بەرپرسیار) گوتی: "لە ئێش و ئازاری ئەو خێزانانە تێدەگەین. دۆخی ئەو خێزانە بە تایبەت دەگەیێنمە وەزیری کار، بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی تایبەتی بۆ وەربگیرێت."
گەزنەیی، بەڵێنیدا کە هەوڵی دابینکردنی مووچە و بردنە سەنتەرێکی راهێنانی حکومی یان ئەهلی بەخۆڕایی بۆ محەممەد بدەن و گوتی، "ئەم ساڵ هەموو هەوڵێک دەدەین مووچە بۆ محەممەد مسۆگەر بکەین."
حوسێن مزووری، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، کە خۆی باوکی دوو منداڵی ئۆتیزمە، ئاماژەی بە کێشەیەکی گەورەتر کرد و گوتی، "کەیسی محەممەد جیاوازە، چونکە هیچ سەنتەرێک منداڵی ئۆتیزمی دوای تەمەنی 12 ساڵی وەرناگرێت."
مزووری، داوای لە سەرۆکی حکومەت کرد کە هەرچی زووە سەنتەری پرۆفیشناڵ بۆ منداڵانی سەرووی 12 ساڵ لە هەموو پارێزگاکان دروستبکرێت، چونکە بە گوتەی ئەو، "خەرجیی مانگانەی هەر منداڵێکی ئۆتیزم لانیکەم 300 هەزار دینارە."
کۆمەڵەی ئۆتیزم بەڵێنی سەردانی ماڵی محەممەد و پێشکەشکردنی پشتیوانیی دارایی و دەروونی دا.
ئێستا، چارەنووسی محەممەد و خێزانەکەی بەستراوەتەوە بەو بەڵێنانەی کە پێیان دراوە، بەو هیوایەی ئەو پەتە بپچڕێت کە ئەم منداڵەی پێوەند کردووە.


