رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی 20ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی کوردستان هەولێر (UKH) بەشداریی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە باشترین وەبەرهێنان بۆ داهاتووی وڵات، وەبەرهێنانە لە زانست و توانای مرۆییدا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی 2003، هەرێمی کوردستان لە قۆناخــی مانەوەوە بەرەو قۆناخــی بونیاتنان و پەیوەندیی نێودەوڵەتی هەنگاوی ناوە.
ئەو گوتی: "لە ساڵی 2006دا بڕوام وابوو کە گرنگترین وەبەرهێنان، وەبەرهێنانە لە زانست و نیشتماندا، هەر بۆیە زانکۆی کوردستانمان دامەزراند تاوەکو ببێتە یەکێک لە باشترینەکان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە."
نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر سەرکەوتنی پڕۆسەی خوێندن لەم زانکۆیەدا و ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 3,700 گەنج لەم ناوەندە زانستییە دەرچوون. بەپێی ئامارەکان، 75%ی دەرچووانی ئەم زانکۆیە لە بازاڕی کاردا چالاکن و 90%یان لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "زیاتر لە 150 دەرچووی ئەم زانکۆیە بوونەتە دەسپێشخەر و هەلی کاریان بۆ سەدان گەنجی دیکە رەخساندووە."
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی روو لە نەوەی نوێ کرد و گوتی: "رێز لە قوربانیی نەوەکانی پێشوو بگرن، بەڵام مەهێڵن ئەو رابردووە ببێتە سنوور بۆتان. دەبێت بوێریی پرسیارکردن و راستکردنەوەی هەڵەکانتان هەبێت."
ئەو جەختی کردەوە کە زانکۆ دەبێت هەمیشە لە نوێبوونەوەدا بێت و چیدیکە تەنیا وەک مۆنۆمێنتێکی ساڵی 2006 نەمێنێتەوە، بەڵکو دەبێت تاوەکو ساڵی 2026 و دواتر، هاوئاهەنگی تەواوی لەگەڵ پێشکەوتنە جیهانییەکاندا هەبێت.
دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
"میوانانی بەڕێز، ئەندامانی زانکۆ، قوتابییان، دەرچووان و دۆستانی ئازیز. ئێوارەتان باش.
خۆشحاڵم کە ئەم ئێوارەیە هەموومان بۆ یادی 20 ساڵەی دامەزراندنی زانکۆی کوردستان هەولێر لێرە پێکەوەین. تا ئازادیی عێراق لە ساڵی 2003، ئێمە لە هەرێمی کوردستان تەنیا یەک کار لە پێشینەماندا هەبوو، ئەویش مانەوە بوو. بۆیە هەموو وزە و توانای خۆمان تەنیا لەو کاتەوە بۆ مانەوە تەرخان کردبوو.
دواجار لەگەڵ ئازادیی عێراق، ئومێدێکی نوێ بۆ گەلەکەمان دروست بوو. دەرفەتێکمان بۆ رەخسا تا بەشێکی زیاتری توانامان بۆ بونیاتنان تەرخان بکەین. ئەوە بوو 20 ساڵ لەمەوبەر، ئێمە دەستمان بە شتێکی نوێ کرد. ساڵی 2006 هەرێمی کوردستان خۆی دەچوو بۆ قۆناخــێکی نوێ. ئێمە رێگەوبان، دامەزراوە و پەیوەندیمان لەگەڵ جیهان بونیات دەنا. بەڵام ئەو کات بڕوام وابوو، ئەمڕۆش بە باوەڕێکی قووڵترەوە بڕوام وایە کە گرنگترین وەبەرهێنان بتوانین بیکەین، وەبەرهێنانە لە زانست و لە نیشتماندا. لەبەر ئەوەش بوو زانکۆی کوردستان هەولێرمان دامەزراند.
کاتێک ئەم زانکۆیەمان دامەزراند، ئامانجێکی روون و نەگۆڕمان هەبوو. ئێمە ویستمان لەگەڵ زانکۆکانی دیکەی کوردستاندا، زانکۆیەکی نوێ کە ببێتە یەکێک لە باشترینەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکە دابمەزرێنین. زانکۆیەکمان دەویست خوێندن تێیدا بە زمانی زانستیی سەردەم بێت. زانکۆیەک کە بە جیهانەوە بەستراوە بێت، پابەندی ستانداردێکی باڵای ئەکادیمی بێت، رێز لە بیرکردنەوەی سەربەخۆ بگرێت. بەر لە هەموو شتێک دەمانەوێت گەنجانمان فێر بن چۆن بیر بکەنەوە؛ بیرکردنەوەیەکی دروست و بابەتانە.
بەڕێزان، دوای 20 ساڵ زۆر شت هەن کە مایەی شانازی و پێزانینن. زانکۆ دەبێت شانازی بکات بەوەی کە زیاتر لە 3,700 گەنجی ئەم نیشتمانەی دەرچواندووە. شانازی بە رۆڵی کاریگەریان بکات لە ئاوەدانکردنەوە و لە پێشخستنی کوردستاندا. بەوەی لە 75%ی دەرچووان بە کارایی لە بازاڕی کارکردن و لە 90%ی ئەو رێژەیە بوونەتە بڕبڕەپشتی کەرتی تایبەت لەپاڵ ئامادەیی بەهێزیان لە کەرتی گشتی و خوێندنی باڵادا. هەروەها زیاتر لە 150 دەرچووی ئەم زانکۆیە نەک هەر بەدوای دەرفەتی کاردا نەگەڕان، بەڵکو بوونە دەسپێشخەر و دەرفەتی کاریان بۆ سەدان گەنجی دیکەی کوردستانیش رەخساند.
ئەمڕۆ دەرچوونی زانکۆی کوردستان هەولێر لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان بزوێنەری سەرەکیی گەشەپێدان و بەڕێوەبردنن، بەکردەوەش سەلماندیان کە گرەوکردن لەسەر پەروەردەی سەردەمیانە و پێگەیاندنی تاکی بەتوانا، سەرکەوتووترین رێگەیە بۆ بونیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر بۆ وڵاتەکەمان.
بەڵام ئەو 20 ساڵە شتێکی فێر کردین؛ کە ساڵی 2006 بە دروستکردنی پێمان نەدەزانی. دامەزراندنی دامەزراوەیەک دەستکەوتێکە، بەڵام بونیاتنانی دامەزراوەیەک کە توانای فێربوون، گۆڕانکاری و مانەوەی هەبێت، دەستکەوتێکی دیکەیە. لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو، گوزەری کاروانی زانکۆ بێ گرفت نەبووە. لەگەڵ دەستکەوتی بەرچاو، بەربەستی سەختیش هاتنە سەر رێی. بڕیاری باش هەبوون، بڕیاری واش هەبوون کە پێویستییان بە پێداچوونەوە هەبووە. پێویست بووە لەسەر زانکۆ فێر بێت، خۆی بگونجێنێت، هەڵەکان راست بکاتەوە و بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت. نابێت گلەیی لە رابردووی زانکۆ بکەین، بەڵکو دەبێت لێوەی فێر بین. چونکە دامەزراوە بەوە بەهێز نابێت خۆی وا نیشان بدات کە هەڵەی نەکردووە، بەڵکو بە دیاریکردنی هەڵەکان و راستکردنەوەیان دامەزراوەکە بەهێز دەبێت. رەنگە دوای 20 ساڵ زانکۆ وێنەیەکمان نیشان بدات کە تێیدا بەشێک لە کاروانی کوردستان ببینین.
بەڕێزان، ئەگەر تەمەشای هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2006ـەوە بکەین، ئەمڕۆش تەمەشای هەرێمی کوردستان بکەین، جیاوازییەکی مەزن بەدی دەکەین. ئێمە ئەمڕۆ کۆمەڵێک شتمان بەدی هێناوە کە رۆژێک لە رۆژان بە دوور دەبینرا بتوانین بیکەین. ژێرخان و دامەزراوەمان بونیات ناوە. دەرگای کوردستانمان بە رووی جیهاندا کردووەتەوە. پەیوەندیی نێودەوڵەتیمان بەهێز کردووە. نەوەیەکی نوێ و لێهاتوومان پێگەیاندووە. هەموو ئەوانە بۆ نەوەکانی پێشوو وێناکردنیشیان سەخت بوو. بەڵام گوزەری کاروانی ئێمەش بێ گرفت نەبووە. رووبەڕووی تیرۆر و شەڕ بووینەتەوە. شەڕی شکاندنی داعشمان کرد. پێشوازیمان لە ژمارەیەکی گەورەی ئاوارە و پەنابەر کرد. بەرگەی قەیرانی ئابووری، ناکۆکیی سیاسی، پەیوەندیی ئاڵۆز لەگەڵ بەغدا و ناسەقامگیری لە تەواوی ناوچەکەدا گرت. هەندێک لە کێشەکانمان لەو بارودۆخانەوە هاتن کە ناوچەکەمان پێیدا تێپەڕ دەبێت و لە دەسەڵاتی ئێمەدا نەبوون. هەندێکیشیان دەستکردی خۆمان بوون. دەبێت ئەو متمانەیەشمان بە خۆمان هەبێت کە جیاوازی لە نێوانیاندا بکەین، چونکە ئەو وانەی لەم 20 ساڵە وەرمانگرتووە ئەوە نییە کە ئێمە لە هەموو شتێکدا راستمان پێک هێناوە. لەبەر ئەوە، وا نەبووە. وانەکە ئەوەیە کە پێشکەوتن پەیوەستە بە توانای ئێمەوە بۆ فێربوون. ئەوەی بەسوودە دەبێت بیپارێزین و برەوی پێ بدەین. ئەوەی بێسوودە دەبێت بیگۆڕین. ئەوەی کۆن بووە دەبێت نوێی بکەینەوە بە شێوەیەک کە باشتر بێت. کاتێکیش ئەو بژاردانە لەبەردەستماندان بەپێی پێویست باش نامێننەوە، دەبێت بوێریی بیری داهێنانی بژاردەی نوێمان هەبێت. ئەم بنەمایە لە ناخی زانکۆوە سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر زانکۆ قوتابیانی فێر بکات کە گومان بکەن، پرسیار بکەن و گەشە بکەن، ئەوا گەل و کوردستانیش بە هەمان شێوە.
ئێمە گەنجێکمان دەوێت کە رێز لە قوربانیانی نەوەکانی پێشوو و دەستکەوتەکانیان بگرن. ئێمە گەنجێکمان دەوێت لەم وڵاتەدا کە رێز لە قوربانیدانی نەوەکانی پێشوو و دەستکەوتەکانیان بگرن. بەڵام رێزگرتن نابێت بە واتای بێدەنگی بێت. ئێمە نەوەیەکی بوێرمان دەوێت کە ئازایەتیی پرسیارکردن و راستکردنەوەی هەڵەکانی هەبێت. نەوەیەک کە هەڵەمان کرد بتوانن پێمان بڵێن هەڵەتان کرد. رەخنە هەڕەشە نییە بۆ سەر کوردستان، بەڵکو یەکێکە لە گەورەترین سەرچاوەی هێزی وڵات. هەڵەکردن دەرفەتێکە بۆ فێربوون، سەرچاوەیەکە بۆ ئەزموون.
جیهانی ئەمڕۆ زۆر جیاوازە لە ساڵی 2006. ژیریی دەستکرد، پەروەردە، زانست، حکومەت و ئابووری دەگۆڕێت. ئەو زانیارییانەی رۆژانێکی زۆری پێ دەچوو تا سۆراخیان بکەین، ئێستا لە چەند چرکەیەکدا دەکرێت بەدەست بهێندرێت. لە جیهانێکی وادا زانیاری بەتەنیا بەس نییە. پێویستیمان بە کەسانێکە بتوانن جیاوازی لە نێوان زانیاری و زانیندا بکەن؛ جیاوازی لە نێوان دووبارەکردنەوە و شرۆڤەکردندا بکەن. کاتێک دەزانن کە هەڵەن، بتوانن بۆچوونی خۆیان بگۆڕن. بتوانن جیاواز بن لە بیر و بۆچوونیاندا بەبێ ئەوەی جیاوازییەکە بکەنە دوژمنایەتیی یەکتر. هەروەها بتوانن ئەو کێشانە چارەسەر بکەن کە هێشتا چارەسەرمان بۆ نەدۆزیوەتەوە.
20 ساڵ لەمەوبەر پرسیارمان لەمەوبەر پرسی، کوردستان پێویستی بە چ جۆرە زانکۆیەکە؟ ئەمڕۆ دەمەوێت پرسیارەکە پێچەوانە بکەمەوە؛ ئەوانەی لەم زانکۆیەدا فێر بوون دەتوانن بۆ دروستکردنی چ جۆرە کوردستانێک یارمەتیمان بدەن؟
ماوەی 20 ساڵە دەرچووانمان دەچنە کایەی حکومەت، بازرگانی، زانست، پەروەردە و کۆمەڵگەی مەدەنی. بەڵام چاوەڕوانییەمان زیاترە. لە چوونە ناو دامەزراوەکانەوە، چاوەڕوانییەمان لە دەرچووانمان ئەوەیە دامەزراوەکان باشتر بکەن. هەندێکیان ئەو دامەزراوانە بونیات بنێن کە هێشتا بونیان نییە. هیوادارم نەوەی ئێستا هەرگیز وا بیر نەکەنەوە کە نەوەی ئێمە هەموو ئەو دەرفەتانەی دۆزیوەتەوە کە هەرێمی کوردستان پێویستی پێیەتی. چونکە ئێمە نەمانتوانیوە هەمووی بدۆزینەوە. ئێمە تا ئێرە هێنامان، لێرە بەدوایشەوە رادەستی ئێوەی دەکەین. هیچ نەوەیەک کوردستانێکی بێ کەموکوڕی و بێ گرفت بە میرات وەرناگرێت. نەوەی ئێمە کوردستانێکی بە میرات وەرگرت کە ستەم، شەڕ، وێرانی و قوربانیدانی بینیبوو، وێنەی کردبوو. ئێمە هەوڵمان دا ئەو میراتە بگۆڕین بۆ ئاسایش، دامەزراوە، گەشەپێدان و دەرفەتی نوێ. نەوەی ئێوە میراتێکی جیاواز وەردەگرێت. ئێوە میراتی ئەوە وەردەگرن کە ئێمە بونیاتمان ناوە؛ دەستکەوتەکانمان، ئەزموونمان، ئەو کارانەمان کە بێ کەموکوڕی و هەڵە نین. بەرپرسیارێتیی ئێوەش ئەوە نییە تەواوی ئەم میراتە رەت بکەنەوە یان بەبێ هیچ لێوردبوونەوەیەک داکۆکیی لێ بکەن. بەرپرسیارێتیی ئێوە ئەوەیە ئەم میراتە باشتر بکەن و کوردستان بەرەو قۆناخــێکی تر بەرن.
هەمان شتیش بۆ ئەم زانکۆیە و بۆ تەواوی زانکۆکانی دیکەی کوردستان راستە. نابێت زانکۆ 20 ساڵی داهاتوو لە هەوڵی ئەوەدا بێت وەک ئەوەی ئێستا بمێنێتەوە کە ئێمە لە ساڵی 2006 وێنەمان کردبوو. بەڵکو دەبێت؛ دەبێت ببێتە زانکۆیەک کە تەنانەت لە ساڵی 2026ـیشدا نەتوانین وێنەی بکەین. دەبێت زانین و زانست بەرهەم بهێندرێت کە ئێستاش کوردستان نییەتی. یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی هێشتا چارەسەرمان نەکردوون. بە باشترین زانست و زانینی جیهانییەوە ببەسترێتەوە. لە هەمان کاتدا بە قووڵی بەرپرس بێت بەرانبەر بە کوردستان بۆ باشترکردنی ئەم وڵاتە. هەمیشە ئەو متمانەیە هەبێت کە لە خۆی ورد بێتەوە و دووبارە خۆی بگۆڕێت، خۆی لەگەڵ هەلومەرجی نوێدا بگونجێنێت.
قوتابیانی ئازیز، گەنجانی خۆشەویست؛ 20 ساڵ لەمەوبەر دامەزراندنی ئەم زانکۆیە بەرپرسیارێتیی ئێمە بوو. بەڵام ئەوەی لە ماوەی 20 ساڵی داهاتووی ئەم زانکۆیە دەبێتە چی، زیاتر و زیاتر دەکەوێتە ئەستۆی ئێوەی گەنجی خۆشەویست. ئەوەی سوودی هەیە بیپارێزن. ئەوەی سوودی نییە لێی بپێچنەوە. لە دەستکەوتەکانمانەوە فێر بن، لە هەڵەکانیشمان سڵ مەکەن، لێی فێر بن. مەهێڵن رێزگرتن لەو دەرفەتانەی نەوەی ئێمە دروستی کردووە ببێتە سنوورێک؛ سنوورێک رێگری لەو دەرفەتانە بکات کە نەوەی ئێوە دەتوانن بیانهێننە کایەوە. مەبەست لە داهاتووی زانکۆ هەرگیز و هەرگیز ئەوە نەبووە ببێتە مۆنۆمێنتێک بۆ دامەزرێنەرانی. بەڵکو ئەوە بووە ببێتە دامەزراوەیەک کە توانای ئەوەی هەبێت خۆی لە کاروانی ئەوان تێپەڕێنێت. رەنگە هەمان شتیش پێویست بێت بۆ کوردستان بگوتریت؛ گەورەترین دەستکەوتمان ئەوە نابێت ئەو نەوەی داهاتوو رێک ئەوە بپارێزێت کە ئێمە بونیاتمان ناوە، بەڵکو دەبێت زانست، ئازادی و ئەوەندە باوەڕی بەخۆ بێت و ئەو شتانە بونیات بنێت کە ئێمە نەمانتوانیوە بونیادی بنێین. سەرکەوتنی راستەقینەی ئێمە لەوەدا نییە ئێوە لە ئێمە بچن، سەرکەوتن لەوەدایە کە ئێوە لە ئێمە باشتر بکەن و بەرەو پێشەوەی بەرن.
20ـەمین ساڵیادی زانکۆی کوردستان هەولێر پیرۆز بێت. بەو هیوایەی 20 ساڵی داهاتوو، زانکۆ و کوردستان بباتە قۆناخــێک لە پێشکەوتن کە ئێستا بە خەیاڵماندا نەیەت کە رۆژێک پێی دەگەین. ئینشائەڵڵا دەگەینە ئەو رۆژەش.
زۆر سوپاستان دەکەم، هیوای ئێوارەیەکی خۆشتان بۆ دەخوازم. دەمەوێت لە کۆتایی قسەکانمدا سوپاسی هەموو ئەو کەسانە بکەم کە بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشدار بوون لە دروستکردنی ئەم زانکۆیە و بەرەو پێشبردنی؛ سوپاسی سەرۆکی زانکۆ دەکەم، سوپاسی جێگری سەرۆکی زانکۆ، ئەویش کە لێرەیە سوپاسیان دەکەم و دەمەوێت سوپاسی کاک ئیدریسیش بکەم کە ئەویش لێرەیە، بە راستی ئینجا با یەک تۆز باریشی گران بکەم بەوەی کە ئەو وەی من ئاگادارم، کەمپی زانکۆ لە رووی دیزاین و ئەوە تەواو بووە، ئێمە لێرەوە دەڵێین دەبێت ئەو زانکۆیە ئینشائەڵڵا بە زووترین کات دەستی پێ بکرێت و کەمپی نوێ بۆ زانکۆ بکرێتەوە کە بە راستی ئەو قوتابییانەی لێرە دەخوێنن شایستەی ئەوەن.
ئێمەش پشتگیرییان دەکەین، دەعمیان دەکەین بۆ ئەوە. پیرۆزبایی لە هەمووتان دەکەم ئەوانەی کە دەرچوون. زۆر سوپاسیستان دەکەم تەحەمولی قسەکانی منتان کرد، زۆر درێژ بوو داوای لێبووردن دەکەم بەڵام باش بوو تەحەمولتان کرد و زۆر هەموولایەکتان بەخێر بێن. زۆر سوپاس."



